حوکمی زیندانی دوو زیندانیی کورد لە دادگای پێداچوونەوە کەم کرایەوە

15:36 - 19 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی دوو زیندانیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، لە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیرییەوە بۆ ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بە ناوەکانی \"کامران مووسازادە\" کوڕی ئیسماعیل و \"فەخرەدین ئاسریس\" کوڕی عەلی کە لە دادگای سەرەتاییدا هەر کامەیان ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون، لە دادگای پێداچوونەوە پارێزگای ورمێ کەم کرایەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زیندانی ورمێیەوە، بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە لقی دووی داداگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر \"شێخلو\"، بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، بە ١٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوون.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، بە سەپاندنی ئەو حوکمە لە دادگای سەرەتاییدا، ناڕەزایەتییان دەربڕیوە و پاش تاوتۆێ کردنی دۆسییەکەیان لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ کەم کرایەوە و هەر کامەیان بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ڕۆژی ٦ بەفرانباری ساڵی ٩٦ی هەتاوی، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە دانانی وەسیقەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد و پاش بڕینەوەی ئەو حوکمە لە لایەن دادگای پێداچوونەوە دەستبەسەر و بۆ تەواو کردنی ماوەی زیندانییەکەیان ڕەوانەی زیندانی ورمێ کران.

هاوینی ساڵی ڕابردوو، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپای پاسدارانی شاری شنۆ دەسبەسەر کران و بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای \"سید الشهدا\"ی شاری ورمێ کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، پاش تەواو بوونی لێکۆڵینەوە، بۆ زیندانی ورمێ گوازراونەتەوە و لە بەندی ٣ و ٤ی ئەو زیندانە ڕاگیراون.