حوکمی زیندانییەکی کورد لە دادگای پێداچوونەوە کەم کرایەوە

16:19 - 8 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: حوکمی زیندانیییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ شەش ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری \"تەحسین دادرەس\" خەڵکی گوندی \"سەردۆش\"ی مەریوان لە دادگای پێداچوونەوەی شاری سنە بە ٦ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە دادگادا بە تۆمەتی \"هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" بە ١٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم و دواتر ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بە شەش ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی گەلاوێژ، پاش بەسەربردنی ٥ مانگ لە ژووری تاکەکەسی ئیتلاعاتی سنە و مەریوان و چوار مانگ لە زیندانی مەریوان، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی، هەتا کاتی بڕیاری کۆتایی حوکمەکەی لە گرتووخانە ئازاد کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەر بوونیدا، لە \"ئیزنی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها پارێزەر بێبەری بووە\" و هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی هەر جۆرە وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو بە بنەماڵەکەی، خۆیان بواردووە.

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، ئەم هاووڵاتییە کوردە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەریوانەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک له حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران دەسبەسەر کرا.