حوکمی دەسبەسەرداگرتنی بارمتەی هاووڵاتییەکی کورد دەرکرا

13:52 - 11 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لقی بەڕێوەبەری تاوانە کەیفەرییەکان حوکمی دەسبەسەرداگرتنی بارمتەی هاووڵاتییەکی کوردی دەرکرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی بەڕێوەبەری تاوانە کەیفەرییەکانی شاری شنۆ ،حوکمی دەسبەسەرداگرتنی بارمتەی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"سابیر ڕەسووڵپوور\" بڕێەوە و هەتا ماوەی ١٠ ڕۆژ موڵەتی پێداوە.

بەپێی ئەو حوکمە کە لە لایەن لقی جێبەجێکردنی تاوانە کەیفەرییەکانی شاری شنۆدا هاتووە: \"سەرەڕای بڕیاری دەسبەسەرداگرتنی بارمتەکەی ئێوە لە ڕاستای جێبەجێکردنی مادەی ٢٣٠ یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، ئەگەر بە نیسبەت بڕیاری دەسبەسەرداگرتنی بارمتەکە ناڕەزامەندی دەتوانی لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا لەو ڕێکەوتە دیاریکراوە سەردانی ئەم لقە بکەی و لە ئەگەری سەردان نەکردنی تۆ، بارمتەکە دەستی بەسەردا دەگیرێت\".

سابیر ڕەسووڵپوور لە لایەن لقی سێ ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری شنۆ بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" بە ١٩ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا بوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە ساڵی ٩٥ بە دانانی بارمتەی ١٢٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرابوو و دواتر بە هۆی گوشارەکانی ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بە ناچاری زێدی خۆی بە جێهێشت.

بارمتەی ئەم هاووڵاتییە کوردە هی براکەیەتی بە ناوی \"جەلال ڕەسووڵپووڕ\".

ئەم هاووڵاتییە کوردە بۆ ماوەی ٤ مانگ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ و زیندانی ناوەندی ورمێ، لە لایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی و بەرپرسانی زیندانی ورمێەوە ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

\"\"
حوکمی دەسبەسەرداگرتنی بارمتەی هاووڵاتییەکی کورد دەرکرا