حوکمی دوورخرانەوەی مامۆستایەکی ئایینی کورد جێبەجی کرا

19:56 - 2 رەزبەر 2717
ئاژاانسی کوردپا: حوکمی دوورخرانەوەی مامۆستایەکی ئایینی ناسراوی کورد خەڵکی شاری ورمێ جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی خەرمانان، حوکمی دوورخرانەوەی مامۆستا ڕەزا عەبدی لە مامۆستایانی ناسراوی سونی مەزهەبی شاری ورمێ چووە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.

ئەو مامۆستا ناسراوە کوردە، ساڵی ڕابردوو لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری تەورێز بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیزی و دوورخرانەوەی ٢ ساڵ لە دەرەوەی شاری مەحکووم کرابوو.

ئەو مامۆستا ئایینییە کوردە، ڕۆژی چوارشەممە ١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، پاش بانگهێشت کردنی بۆ دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی شاری تەورێز، دەستبەسەر كرا و بۆ زیندانی ناوەندی ئەو شارە گوازرایەوە.

حوکمی دوورخرانەوەی مامۆستا ڕەزا عەبدی، پاش تەواو بوونی ماوەی زیندانییەکەی، ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان بەڕێوە چوو و بۆ شاری شنۆ دوور خرایەوە.

پێشتر ئەو مامۆستا كوردە بەڕێوەبەری قوتابخانەی زانستە ئایینییەكانی سەلاحەدین ئەیووبی لە شاری ورمێ و هەروەها پێشنوێژی مزگەوتی قودسی شارۆچكەی ئیسلامئاوای ئەو شارە بووە.

بەپێی هەواڵی سەرچاوەیەكی ئاگادار، نوێنەری وەلی فەقیهـ لە پارێزگای ورمێ و هەروەها ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لەو مامۆستا ئایینییە ناڕازین.