حوکمی حوسێن ئەلوەندکووهی بۆ ٧ ساڵ و ڕۆژێک کەم کرایەوە

12:09 - 31 گەلاوێژ 2722

حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیریی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حوسێن ئەلوەندکووهی" تەمەن ٢٩ ساڵ کوڕی عەزیز دانیشتووی شاری مەهاباد، بە پێی "تسلیم بە رای" بۆ ٧ ساڵ و ڕۆژێک کەم کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن لقی ٣ی دادگای کەیفەریی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر "غوڵام کەریمخانی" بەتۆمەتی "هەوڵی خەباتی چەکدارانە و شەڕ لەگەڵ سپای پاسداران" بە ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەو حوکمەش ڕۆژی چوارشەممە ٨ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

لقی ٣ی دادگای کەیفەریی مەهاباد بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، ئەو حوکمەی بە سەر ئەو هاووڵاتییەدا، سەپاندبوو.

حوسێن ئەلوەندکووهی مانگی خەرمانانی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی ئازاد کرابوو.