حوکمی برایانی کوردپوور یەکلایی (قطعی) بۆتەوە

19:37 - 17 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٧ی رەشەمە ماوەی یەک ساڵ بە سەر دەستبەسەرکرانی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور، دوو برای رۆژنامەنوس و چالاکی مافی مرۆڤی کوردی خەڵکی مەهاباددا، تێپەڕی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ساڵی ١٣٩١ لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کردنی رۆژنامەنووسان و چالاکانی فەرهەنگیی کورد لە کوردستانی ئێران ، رێکەوتی ١٧ی رەشەمە خوسرەو کوردپوور لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراو و رێکەوتی ١٩ی رەشەمە مەسعوود کوردپوور لەکاتی سەردان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهاباد بەرەڕووی دەستبەسەر کران بوویەوە.

مەسعوود و خوسرەو کوردپوور پاش زیاتر لە ٨ مانگ راگیران لە زیندان و سێ جار دادگایی کران، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"جەوادی کیا\" سەرجەم بە ٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری حوکم دراون.

مەسعوود کوردپوور بە تۆمەتی \"کۆبوونەوە و هاودەستی کردن بەدژی نیزام\" بە ٣ ساڵ زیندانیی تەعزیری و لە پەیوەندی لەگەڵ \"چالاکی تەبلیغی\" بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری و سەرجەم بە ٣ ساڵ و نیو زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرا.

هەروەها خوسرەو کوردپوور بە تۆمەتی هاوکاری بۆ پێکهێنانی کۆبوونەوە بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی تەبلیغ بە دژی نیزام\" بە ١ ساڵ زیندانیی تەعزیری و سەرجەم بە ٦ ساڵ زیندان و هەروەه دوورخرانەوە بە زیندانی تەورێز مەحکووم کرا\".

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کوردپوور بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند\" بەداخەوە دادگای پێداچوونە ئەو حوکمەی وەکوو خۆی پشتڕاست کردەوە\".

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ئاشکرای کرد: \" هەروەه حاکمی دوورخستنەوەی خوسرەو کوردپوور پشراست کراوەتەوە لە کاتێکدا کە زمانی تورکیش نازانێت، دەبێ ماوەی ئەو ٥ ساڵە لە زیندانی تەورێز تێپەڕ بکات.

هەروەها یەکێک لە پارێزەرانی برایانی کوردپوور بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: \"حوکمی برایانی کوردپوور لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی ئوستانەوە دەرچووە، بەڵام هەتا ئێستا بە ئێمە رانەگەیەندراوە و هەروەها هەتا ئێستا چەندین جار داوای مەرەخەسیمان بۆ ئەو دوو رۆژنامەنووسە کردووە، بەڵام دادگا دژایەتی لەگەڵ ئەو داوایە کردووە\".