حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پاش چەند کاتژمێر لە دەسبەسەرکرانی ئازاد کرا

20:47 - 14 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە سەر سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنه دەسبەسەر و پاش چەند کاتژمێر ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی گەلاوێژ، لقی ٤ دادگایی ئینقلابی شاری سنە، لە سەر سکاڵای ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری ناسراوی کورد، دەسبەسەر کرا.

عۆسمان موزەیەن، پارێزەری ناسراوی کورد لەو باریەوە ئاشکرای کردووە: \"ئەحمەدی‌نیاز، پاش گەڕانەوەی لە وڵاتی هولەند، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە سەر بڕیاری لقی ٤ دادگای ئینقلابی شاری سنە دەسبەسەر کراوە\".

بە وتەی ئەو پارێزەرە کوردە، ئەحمەدی‌نیاز، چەند جارێک له لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بانگهێشت دەکرێت و پاش نەچوونی ناوبراو بۆ ئەو ناوەندە حکوومەتییە، دادگای ئینقلابی شاری سنە بڕیاری دەسبەسەرکردنی ناوبراو دەدات.

موزەیەن باسی لەوەش کردووە، لقی دادگای ئینقلاب، ئەو پارێزە کوردەی بە تۆمەتی \"وتوویژ لەگەڵ ڕاگەیەنەکانی دەرەوە لە سەر بریگرتەکەی، ڕامین حوسێن‌پەناهی\" دەسبەسەر کراوە.

ئیجلال قەوامی، چالاکی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە لە سەر تویتی شەخسیی خۆی نووسیوویەتی: \"حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری ڕامین حوسێن‌پناهی، پاش ڕوونکردنەوەی تاوانەکەی لە لقی چواری بازڕەسیی شاری سنە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا\".