حوسێن ئەحمەدی‌نیاز: حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور ناڕەوا، زاڵمانە و شایانی هەڵوەشاندنەوەیە

16:00 - 17 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی کورد، پارێزەریی دۆسیەی \"هیدایەت عەبدووڵڵاپوور\" زیندانیی سیاسیی کوردی وەئەستۆ گرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٦ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، \"حوسێن ئەحمەدی‌نیاز\" پارێزەری کورد، خەڵکی شاری سنه به فەرمی پارێزەریی دۆسیەی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ وەئەستۆ گرت.

ناوبراو لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ ئاژانسی کورد ڕایگەیاند، حوکمی ئێعدامی هیدایەت بە هۆی ئەوەی کە ناوبراو هیچ چالاکییەکی چەکداری نەبووە و تۆمەتی \"بغی\" وەپاڵ ناوبراو دراوە، دەبێ حوکمەکەی هەڵبوەشێتەوە.

ئەو یاسازانه کوردە باسی لەوەش کردووە، پارێزراوەکەی بە تۆمەتی هاوکاریی چەکداری، ئەندامەتی و پڕۆپاگەندە بە قازانجی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تاوانبار کراوە و لە کاتی لێکۆڵینەوەکانیشدا ناوبراو لە بوونی پارێزەر بێبەش بووە و ئەوەش دژی یاسایە.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز لە درێژەدا باسی لەوە کردووە، حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، ناڕەوا، زاڵمانە و شایانی هەڵوەشاندنەوەیە و دەبێ دیوانی باڵای وڵات حوکمەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی بەفرانبار، دادگای ئینقلابی شاری ورمێ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆی بە ناوی \"هیدایەت عەبدوڵڵاپوور\" کوڕی \"ئەبووبەکر\" بە تۆمەتی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دووبارە بە ئێعدام مەحکووم کرد.

پاش ئەوەی کە حوکمی ئێعدامی هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە لقی ٤٧ی دیوانی باڵای وڵات ڕەت کرایەوە و نێردرایەوە بۆ دادگای ورمێ، هیدایەت عەبدوڵڵاپوور لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە دادگایی کرا و بۆ دووهەمین جار لە سەر داوای حیفازەت ئیتلاعات، حوکمی ئێعدام بەسەر ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەدا سەپا.