حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، بانگهێشتی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە کرا

14:20 - 22 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: پارێزەرێکی پلەی یەکی کورد، بانگهێشتی لقی چواری دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢١ی ڕەزبەر، لقی چواری لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە، حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پارێزەری پلەی یەکی کوردی بانگهێشتی ئەو ناوەندە حکوومەتییە کرد.

لێکۆڵەری دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە، ئەو پارێزەرە کوردەی بە تۆمەتی \"بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی\" بانگهێشت و بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە کە لە ئەگەری ئامادەنەبوون لەو ناوەندە حکوومەتییە، حوکمی دەسبەسەرکردنی دەدرێت.

حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، بانگهێشتکردنی خۆی بۆ دۆسیەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی ئێعدامکراوی کورد و لێدوانەکانی سەبارەت بە کچانی شیناوێ گەڕاندەوە.

ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی گەلاوێژی ئەمساڵ، حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پاش سەردانی بۆ دادگای ئینقلابی شاری سنە، سەبارەت بە بەدواداچوونی دۆسیەی ڕامین حوسێن‌پەناهی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، دەسبەسەر کرا.

ئەو پارێزەرە کوردە هەنووکە پارێزەری عوسمان مستەفاپوور، یەکێک لە پێشینەترین زیندانیی سیاسیی کورد و هیدایەت عەبدوڵڵاپوور، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدامی لە ئەستۆدایە.

ماوەیەک پێش \"زانیار ئەحمەدی‌نیاز\"، تەمەن ١٩ ساڵ کوڕی حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی شاری تاران بە ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

دادگای ئینقلابی شاری تاران، بە تۆمەتی \"هەواڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی و بەشداریی لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە نایاسایییەکان\" حوکمی ٨ ساڵ زیندانی تەعزیری بۆ زانیار دەرکردبوو.