حسەین ئەحمەدی نیاز: عوسمان مستەفاپوور حوکمی نادادپەروەرانەی بەسەردا سەپێندراوە

15:06 - 21 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: ٢٦ ساڵ بەندکرانی، زیندانییەکی سیاسی کورد لەگەڵ دژکردەوەی پارێزەرێکی کورد بەرەوڕوو بوویەوە.

حسەین ئەحمەدی نیاز، پارێزەری ناسراوی کورد، ٢٦ ساڵ بەندکرانی عوسمان مستەفاپوور، زیندانیی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندی شاری ورمێی بە \"نادادپەروەرانە\" وەسف کرد و ڕایگەیاندووە\" وێناکردنی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک زیندانیی بوون، زۆر سەخت و ئەستەمە\".

\"\"
حسەین ئەحمەدی نیاز
ئەو پارێزەرە پلە یەکەی دادگوستەری دەڵێت: \"ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە زیندانیی ناوەندیی شاری ورمێ، لە حاڵی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانی کەیفەری نادادپەروەرانەیە\".

پاش زیاتر لە ٢٦ ساڵ زیندانی، ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردەی خەڵکی پیرانشار هێشتا لە مافی ئازادی ڕەوا و مورەخەسی بێبەرییە.

ئەو چالاکە سیاسییە کوردە پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی لە ناوچەی\"تەرگەوەڕ\"ی شاری ورمێ دەسبەسەر و دواتر بە تۆمەتی \"ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون\"ی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

لە کۆتاییەکانی ساڵی ٩٢ی هەتاوی، پاش ٢٣ ساڵ دەسبەسەری، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر \"چابک\" حوکمی زیندانی عوسمان مستەفاپووری بۆ ٣٥ ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕی.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی ١٠ ساڵ زیندانی بۆ ئەو هاووڵاتییە کوردە، بە هۆی شەڕکردن لەگەڵ سپای پاسدران دەرکردووە.

عوسمان مستەفاپوور ساڵی ٩٠ی هەتاوی لە ڕەنج نامەیەکدا بۆ ڕێپۆرتێری تایبەتی مافی مرۆڤی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، چاوەدێری مافی مرۆڤ و كۆمەڵگای جیهانی و هەموو مرۆڤە ئازادیخوازەكان و ویژدانە نەخەوتووەكانی سەرانسەری دونیا داوای کردبوو كە بە لێكۆڵینەوە كردن لەبارەی ڕەوتی دادگایی و بە فیڕۆچوونی بیست ساڵ لە تەمەن و لاویەتیی، لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا ئیزن نەدەن كە لاوانی دیكەی ئەم نیشتمانە بەم چەشنە سەردەمی لاویەتییان بەهۆی ئیددیعا و بانگەشەی بێبنەما بە فیڕۆ بچێت.