حدکا پێشوازی لە مەحکوومکردنی ئێران لە لایەن ئامریکاوە لە شۆرای ئەمنییەت دەکات

16:10 - 30 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێشوازی لە مژاری مەحکوومکردنی حکوومەتی ئێران لە لایەن ئامریکاوە، لە پەیوەندیی لەگەڵ هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەو حیزبە لە شۆرای ئەمنییەت دەکات.

کەریم پەرویزی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکرات لە وتووێژێکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا وێرای پێشوازی لە پرسی ئامریکا لە شۆرای ئەمنییەت لە پەیوەندیی لەگەڵ مەحکوومکردنی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزب دێموکرات ڕایگەیاند: حیزبی دێموکرات پێشوازی لە هەڵوێستی وڵاتان و ناوەندە جیهانییەکان بە نیسبەت بەتیرۆریست ناساندنی کۆماری ئیسلامی دەکا. بەڵام پێمان وایە کە هەم هەڵوێستەکان دەبێ جیددیتر لە جاران بن، هەم هەنگاوی کردەیی بۆ بڕینی دەستی تیرۆریزمی پەرەپێدراوی کۆمار ئیسلامی و هەم یارمەتیدانی خەڵکی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆری و ڕێژیمی ئاپارتایدی ئیسلامی ببنەوە.

\"\"کەریم پەرویزی، ئەندامی دەستەی کارگێڕی حیزبی دێموکرات
پەرویزی لەو باوەڕەدایە: ئێمە پێمان وایە سەرچاوەی تێرۆر و ئاژاوە لانیکەم لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کۆماری ئیسلامییە و تا ئەم ڕێژیمە لە نێو نەچێ تێرۆر و جینۆساید بنبڕ نابێ.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانان، نیکی هێلی، نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە لێدوانێکدا لە شۆرای ئەمنییەت، ئاماژەی بە هەوڵە دەستێوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا کرد و وتی: ئەم هەوڵەی حکوومەتی ئێران بە \"پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێونەتەوەییەکان\" دەزانین.

نیکی هێلی مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی، بە \"دەستێوەردانی ئاشکرای حکوومەتی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە\" دەزانێ.