١٥٨ حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەبەلووچێستان

16:22 - 30 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە راپۆرتێکی شیکاریی ـ ئاماریدا رێژەی پێشێلکارییەکانی لەبەلووچێستانی ئێران لە ساڵی ١٣٩٣دا بڵاو کردووەتەوە.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە راپۆرتەدا ئاماژە بە ٤٩ حاڵەت سێدارە، ٦٩ حاڵەت دەستبەسەرکردن، ١٨ حاڵەت پێشێلکردنی ئازادی رادەربڕین و ٢٢ حاڵەت تەقەی هێزە حکوومەتییەکان کراوە.

\"26098.jpg\"
٤٩ حاڵەتی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی بەلووچ
لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە کۆی گشتی ٤٩ حاڵەتی لەسێدارەدانی هاووڵاتیانی بەلووچ، شەش کەس بە تاوانی سیاسی ـ ئەمنیەتی ئێعدام کراون.

تەنیا لەماوەی مانگی گەلاوێژدا ١٢ کەس لە سێدارە دراون و تاوانی ئەو کەسانە هاوکاری لەگەل حیزبەکانی بەلووچ، بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان و دزی چەکدارانە راگەیەندراوە.

بەپێی راپۆرتەکە، زۆرترین ئاماری دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی بەلوچ لە بەفرانباری ساڵی رابردوودا بووە و تاوانی هەرە زۆری ئەو کەسانە هاوکاری لەگەل حیزبە بەلووچەکان و هەوڵدان بە دژی تەناهی نەتەوەیی بووە.

لەلایەکی دیکەوە باس لەوەش کراوە کە ٢٢ کەس لەلایەن هیزە نیزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە و لە کۆی گشتی ئەو ریژەیە ٧ هاووڵاتی بەلووچ بریندار و ١٥ی دیکەس کوژراون.

\"26099.jpg\"
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لە رەزبەری٩٢ چالاکییەکانی خۆیان لە بواری حاڵەتی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لەبەلووچێستان دەس پێ کردووە
کەمپەینی چالاکانی بەلووچ رایگەیاندووە، بە هۆی نەبوونی زانیاری ورد و دروست و هەروەها ئەمنیەتی بوونی ناوچەکە و ئەستم بوونی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیارییەکان، ئەگەری ئەوە هەیە رێژەی پێشێلکارییەکان لەوەش کە هەیە زیاتر بێت.

هەر لەو بارەیەوە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا راپۆرتی شیکاریی ـ ئاماری تایبەت بەپێشێلکاریی لەناوچە کوردنشینەکان بڵاو کردووەتەوە.

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە لەماوەی ساڵی ٩٣دا، هەزار و ٥٧٢ حاڵەتی پێشێڵکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان رووی داوە.

لەلایەکی دیکەوە رێکخراوی لێبوردنی نیودەوڵەتی بڵاوی کردبوویەوە کە لە دوای هاتنە سەر کاری حەسەن روحانی، دۆخی مافی مرۆڤ هیچ بەرەو باشتر بوون نەڕوێشتووە و پێشێلکارییە سیستماتیکەکان لە ئێران درێژەی هەیە.