٩ حاڵەتی مەرگی گوماناوی لە مەریوان و ئەگەری دروستبوونی باندێکی هاوشێوەی هیواتاب

16:37 - 29 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: روودانی کۆمەڵێک حاڵەتی مەرگی گوماناویی لە شاری مەریوان، هاووڵاتییان تووشی نیگەرانیی کردووە و زۆربەی هاووڵاتییان باس لە دروستبوونی باندێکی هاوشێوەی هیواتاب لەو شارەدا دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە سەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە زیاتر لە ٩ حاڵەتی مەرگی گوماناوی لە شاری مەریوان رووی داوە، کە ئەمە ترس و دڵەڕاوکێی هاووڵاتییانی ئەو شارەی لێکەوتۆتەوەو کۆمیتەیەک لەژێر ناوی کۆمیتەی بۆحران لەو شارە دروست بووە.

بەپێی گوتەی هاووڵاتییان، سەرەتای وەرزی بەهاری ئەمساڵ تەرمی ژن و مێردیک لە جاددەی گوندی \"ئەسڵاوا\"ی شاری مەریوان بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە.

رێکەوتی ١٨ی خاکەلێوە تەرمی سەربازیک بەناوی عەبدوڵلا واحیدی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان لە نزیک گۆلی زرێبار بە هەڵواسراوی دۆزراوەتەوە.

\"19425.jpg\"
تەرمی عەبدوڵڵا واحیدی لە نزیک گۆلی زرێبار
لەلایەکی دیکەوە رۆژێک دواتر، رێکەوتی ١٩ی خاکەلێوە تەرمی ژن و مێردێکی دیکە لە نزیک گۆلی زرێبار دۆزرایەوە، کە ئەوانیش بە شریت بە دارەوە هەڵواسرابوون.

رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢١ی خاکەلێوە، لاوێکی دیکەی مەریوانی بەناوی دانا خونکە و کوڕی عەبدوڵڵا، تەرمەکەی بە هەڵواسراوی لە لە ژێر زەمینی ماڵی خۆیاندا دۆزراوەتەوە.

رێکەوتی ٢٤ی خاکەلێوە کەسێکی دیکە بەناوی \"فەتحوڵڵا خەیاڵدووز\" تەمەن ٣٠ ساڵ و لە ماڵەکەیدا کە لە حاڵی دروستکراندا بوو، تەرمەکی بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە.

هەروەها رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە لاوێکی دیکەی خەڵکی شاری نۆدشە، کە دانیشتووی شاری مەریوان و لە شەقامی ئیدارەی برقی ئەو شارە دووکاندار بوو، لە ماڵەکەیدا تەرمەکەی بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە.

لە رۆژانی رابردووشدا تەرمی پیاوێکی تەمەن ٣٠ ساڵ و دانیشتووی شاری مەریوان، لە ژێر پردی گوندی لەنجاوای شاری مەریواندا دۆزرایەوە، کە تەرمەکەی هەڵواسراو بوو.

هاووڵاتییەکی مەریونای بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ کە ئەو کەسانە پێدەچێت لەلایەن کەس یان کەسان و گروپێکی تایبەتەوە خنکێدرابێتن، چونکە لاقی تێکڕای ئەو کەسانە لە سەر زەوی بووە و ئەگەری زۆرە پاش کوژرانیان، هەڵواسرابێتن.

هەروەها دەگوترێت، ککە ئە شریتانەی کە ئەو کەسانەی پیوە هەڵواسراوە، سەرجەمیان رەنگیان شین بووەو ئەمەش گومانی ئەوەی دروست کردووە، کە سەرجەمی ئەو حاڵەتانە لەلایەن گروپێکەوە ئەنجام درابن.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پزیشکی دادوەریی شاری مەریوان رایگەیاندووە، کە پاش ١ مانگی دیکە ئەنجامی پشکنین و هۆکاری مردنی ئەو کەسانە رادەگەیەنێت، کە ئەمەش گومانی دروست کردووە، ئەو رووداوانە دەستی ناوەندە ئەمنییەکانی حکوومەتی تێدا بێت.

لەلایەکی دیکەوە ئوستاندار و نوێنەری شاری مەریوان لەم رووداوانە ئاگادار کراونەتەوەو بە بڕیاری ئوستاندار کۆمیتەیەکی چوار کەسی لەژێر ناوی کۆمیتەی بۆحران بۆ لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە دروست بووە.