٥٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پارێزگای کرماشان ڕوویان داوە

15:57 - 2 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٥٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی پارێزگای کرماشان ڕوویان داوە و خەسارێکی زۆریان بە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەو پارێزگایە گەیاندووە.

بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: ٥٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان و لەوەڕگەکانی ئەو پاڕێزگایە ڕوویداوە، کە بوو بە هۆی سووتانی ٥٠٠ هێکتار ژینگەی ئەو ناوچەیە.

موراد شێخ وەیسی ڕایگەیاند: ٥٢٨ هەزار هێکتار لە ڕووبەری پارێزگای کرماشان لێرەوارەکانی پێکی دێنن و ٥٠% لەوەڕگەش لە خۆ دەگرێت.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: لەو ڕێژە ئاگرکەوتنەوە نزیکەی ٥٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی پارێزگای کرماشان تووشی ئاگرکەوتنەوە بوون و خەساریان بەرکەوتووە.

بەرپرسی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان بە ئاماژە کردن بە کەمی ئیمکانات و هەڵەمووت بوونی ئەو ناوچەیە و مینە بە جێماوەکانی شەڕی ٨ ساڵە، ڕایگەیاند: ئیمکاناتی پارێزگای کرماشان بۆ کونترۆڵ و کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لەوەڕگەی ئەو پارێزگایە وەڵامدەر نییە.

کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئیدارەی ژینگەپارێزی و سەرچاوە سروشتییەکان و هەروەها نەبوونی چالاکیی پێویست لەمەڕ گرینگی پاراستنی ژینگە و وشیار کردنەوەی هاووڵاتییان، بە هۆکاری سەرەکیی ئاگر گرتنی دارستان و لەوەڕگەکانی کوردستان بە ئەژمار دێت.

هەر چەند بەرپرسایەتیی پاراستنی دارستان و لەوەڕگەکان لە ئەستۆی ناوەندە حکوومەتییەکان، وەک: ئیدارەی ژینگەپارێزی، جەنگەڵبانی و ئیدارەی ئاگرکۆژێنەوەیە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هاووڵاتییانی کوردی چالاکی بواری ژینگەپارێزی و خەڵکی گوندەکان بە شێوەی خۆڕسک هەوڵی کۆژاندنەوەی ئاگرەکە دەدەن.