حاکمی شەرعی کوردستان، داوای سزا بۆ بکەرانی کوشتنی کۆڵبەرانی بانەیی دەکات

15:55 - 14 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: حاکمی شەرعی کوردستان، لە پەیوەندیی لەگەڵ کوژرانی دوو کۆڵبەری خەڵکی بانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەسەن ئەمینی حاکمی شەرعی کوردستان، لە بەیاننامەیەکدا سەبارەت بە کوژرانی دوو کۆڵبەری بانەیی هەڵوێستی گرت.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە، حەسەن ئەمینی داوای لە هەموو مرۆڤدۆستان و لایەنگرانی ئیسلام کردووە، کە لە هەمبەر هەموو ڕەفتارێکی دژی ئیسلام و مرۆڤایەتیی بێدەنگ نەبن و کاردانەوەیان هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەم بەیاننامەیەدا حەسەن ئەمینی، ڕووی وتەکانی لە کاربەدەستان و بەرپرسانی حکوومەتیی، لە خوارترین هەتا باڵاترینیان بەتایبەت بەرپرسانی قەزایی و ئینتزامیی کە بانگەشەی موسڵمانییەتی دەکەن بوو و وتی: پێش لە دووبارە بوونەوەی ئەم جۆرە ڕووداوە نەخوازراوانە بگرن و بکەران و بەڕێوەبەرانی ئەم حاڵەتەی دوایی و حاڵەتەکانی هاوشێوەی پێشوو سزا بدرێن، هەتا ببێتە وانەیەک بۆ کەسانی دیکە.

حەسەن ئەمینی، داوا لە ڕێبەرانی ئاینیی، سیاسیی و مەدەنی دەکات کە ئەرکی خۆیان لە هەمبەر کۆمەڵگا بە باشی بەڕێوە ببەن.

ڕۆژی دووشەممە ١٣خەرمانان، دوو کۆڵبەری کورد، خەڵکی شاری بانە بە ناوەکانی \"حەیدەر فەرەجی\" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی گوندی \"شەشە\" و \"مام قادر بەهرامی\" تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"وزمەڵە\" بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکراون.

بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە، فەرمانداری شاری بانە بە هۆکاری سەرەکیی ئەو ڕووداوە دەزانن و دەڵێن: تەقە کردن لە کۆڵبەران لە سەر بڕیاری فەرمانداری بانە \"محەممەد فەلاحی\" بووە.

بنەماڵەی ئەو دوو کۆڵبەرە کوژراوە، داوای سزا دانی بکەرانی ئەو ڕووداوە دەکەن.