جەلەولا و سەعدیە لە دەستی چەکدارانی داعش رزگار کران

19:12 - 2 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی هێرشێکی بەرفراوانی هێزەکانی پێشمەرگە بۆسەر ناحیەی جەلەولا، چەکدارانی داعش پاشەکشەیان کرد و ئەو ناوچەیەش کەوتەوە دەستی پێشمەرگە و ئاڵای کوردستانیان هەڵکردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژاسنی هەواڵدەریی کوردپا، بەرە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە هێزەکانی پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر ناحیەی جەلەولا و ئەو ناوچەیان لە دەستی چەکدارانی داعش دەرهێنایەوەو بە تەواوەتی ئەو ناوچەیە لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

هێرشی پێشمەرگە کاتژمێر ٥ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەستی پێکردووەو هەتا ئێستا هەموو گەڕەکەکانی شاری جەلەولا کۆنتڕۆڵ کراوەتەوەو ئاڵای کوردستان هەڵکراوەتەوە.

\"23277.jpg\"
هەموو گەڕەکەکانی شاری جەلەولا کۆنتڕۆڵ کراوەتەوەو ئاڵای کوردستان هەڵکراوەتەوە
بەپێی زانیارییەکانی \"ئێن ئاڕ تی\" لە ئەنجامی تێکهەڵچوونەکانی ئەمڕۆی ناوچەی جەلەولادا شەش پێشمەرگە شەهید بوون و ١١ پێشمەرگەش بە سەختی بریندار بوونە.

شاری جەلەولا لە ناوەڕاست مانگی هاوینی ئەمساڵدا لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە بەهۆی شەڕی ماڵ بەماڵ و دەستەویەخە لەگەڵ چەکدارانی داعش، لەو شارە پاشەکشەیان کرد و لە دەوروبەری شارەکە جێگیر بوون.

هاوکات سوپای بەدری عێراق بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، توانیویەتی شارۆچکەی سەعدیە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.

\"23276.jpg\"
ماڵپەڕی ئێن ئاڕتی لە زاری سەرچاوەیەک ئەمنییەوە بڵاوی کردۆتەوە، سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامی بە فڕۆکەی جەنگی بەشداریی لە ئازاد کردنی سەعدییە و جەلەولادا کردووە.

پێشتریش چەندین وێنە لەمەڕ بەشداریی سوپای قودسی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە فەرماندەیی قاسم سلێمانی، لە شەڕەکانی ناوچەکانی جەلەولا بڵاو ببوویەوە.

لە رۆژانی رابردووشدا هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەی کەرکووک هێرشیان کردبوویەوە سەر چەکدارانی داعش لە گوندی \"خەرابە رووت\" و ئەو گوندەیان لە چەکدارانی داعش پاک کردبوویەوە.