جەلال قادری‌زاد بۆ جێبەجێکردنی حوکمی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا

11:22 - 19 جۆزەردان 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٦ی جۆزەردان، "جەلال قادری‌زاد" خەڵکی شنۆ بۆ جێبەجێکردنی ماوەی زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرا.

ئەو هاووڵاتییە لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی شنۆ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ڕەزایی" بە تۆمەتی ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" بە سێ ساڵ زیندان مەحکووم و ڕۆژی ٦ی خاکەلێوە ئەو حوکمە بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

حوکمی جەلال قادری‌زاد پاش "تەسلیم بە ڕەی" بۆ دوو ساڵ و سێ مانگ کەم کرابووەوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢ی خەرمانانی ساڵی ١٤٠٠، جەلال قادری‌زاد کوڕی عەبدوڵڵا خەڵکی "نەڵۆسـ"ـی شاری شنۆ، بە دانانی بارمتە هەتا کاتی دادگاییەکەی لە زیندانی شنۆ ئازاد کرابوو.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر و بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوو.