جێگری سیاسیی فەرمانداریی بانە. \"هاندانی دەستی دەرەکی\" بە هۆکاری مانگرتنەکان ناو بردووە

16:07 - 28 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: جێگری سیاسیی فەرمانداریی شاری بانە، مانگرتنی بازاڕیانی ئەو شارە بە \"نایاسایی\" ڕاگەیاند.

نژاد شەهیدی، جێگری سیاسیی فەرمانداریی شاری بانە، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتی \"ئیرنا\"، بە ئاماژە کردن بە مانگرتنی بازاڕیانی ئەو شارە ڕاگەیاندووە: \"دەستە دەرکییەکان لە هاندانی دووکانداران و پیشەوەران بۆ مانگرتن و ناڕەزایەتی دەربڕین لەو شارە و داخرانی یەکەکانی بازرگانی سێنفی ڕۆڵیان هەیە\".

ناوبراو مانگرتنی دووکاندارانی شاری بانەی \"بەبێ مۆڵەت و نایاسایی\" زانیوە و دەڵێت: بە ڕاوێژکردن لەگەڵ پارێزگاری سنە، نوێنەری شارەکانی سەقز و بانە لە مەجلیس و بەدواداچوونی فەرمانداریی شاری بانە، ٩ ڕۆژ مۆڵەت بە بازاڕیان دراوە، هەتا بتوانن شتومەکەکانی خۆیان هاوردەی وڵات بکەن\".

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، \"فەرمانداریی ئەو شارە لە حاڵەتی ئامادەباشیدان و هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانیش بۆ کونتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتی لە شەقامەکان بەتایبەت بەرانبەر فەرمانداری ئامادە کراون\".

لەو پەیوەندییەدا، بازاڕیان و دووکاندارانی شارەکانی سەقز و مەریوانیش، ئەمڕۆ بە داخستنی دووکان و بازاڕەکانی ئەو دوو شارە، پاڵپشتی خۆیان لە دووکاندارانی شارەکانی بانە و جوانڕۆ دەربڕیوە.