جێژنی پاکسازیی کێڵگە مینەکان و هۆشداریی کارناسان و نوێنەرانی کرماشان

16:10 - 23 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: نوێنەرانی خەڵکی پارێزگای کرماشان لەمەڕ روودانی تەقینەوەی مین لەو پارێزگایە هۆشدارییان دایە وەزیری بەرگریی ئێران.

حەفتەی رابردوو رێوڕەسێک لە کرماشان و بە ئامادە بوونی \"ئەحمەد وەحیدی\" وەزیری بەرگریی ئێران بەناویی خاوێن کردنەوەی کێڵگە مینەکانی ئەو پارێزگایە بەڕێوەچوو.

هاوکات فەتحوڵلا حەسەنی رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەیکە زۆربەی گوند و ناوچەکانی پارێزگای کرماشان بە مین‌ڕێژ کراوی ماونەتەوە، بۆیە هەر رووداوێکی تەقینەوەی مین لەو ناوچەیە بێتە ئاراوە، راستەوخۆ \"ئەحمەد وەحیدی\" وەزیری بەرگریی ئێران بەرپرسیارە.

هەواڵدەریی \"ئیلنا\" لە زاری نوێنەری خەڵکی شارەکانی \"سەرپێڵ زەهاو، قەسری شیرین و گیلانی غەرب\" بڵاوی کردۆتەوە، کە ناوچەکانی \"ئاق داغ\" و \"بازی دراز\" خاوێن نەکراونەتەوە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاوڕی شیاوی لێبدەنەوە.

هاوکات \"سەعید حەیدەری تەیب\" نوێنەری خەڵکی کرماشان لە مەجلیسی ئێران هوشداریی دایە وەزیری ناوخۆ و رایگەیاند: کە بەرپرسانی حکوومەتی ئێران ئیدیعایان کردووە کە سەرجەم زەوی و زارەکانی ناوچەی کرماشانیان لە مین خاوێن کردۆتەوە، بەڵام هەتا ئێستاش رووبەرێکی زۆر لە ناوچە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بە مین‌ڕێژ کراوی ماونەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە \"دادوەش هاشمی\" پارێزگاری کرماشان ئاماژەی بەوە کردووە، کە تەنیا شوێنە گشتییەکان لە مین خاوێن کراونەتەوە و زۆربەی ناوچە شاخاوی و سنوورییەکان بە مین‌ڕێژکراوی ماونەتەوە.

هەروەها کارناسێکی بواری مین هەڵگرتنەوە ئاشکرای کردووە کە هیچکام لە ناوچە شەڕ لێدراوەکان خاوێن نەکراونەتەوە و سەرجەم سەنگەر و خاکڕیزەکان ئالوودەی مین و تەقەمەنیی سەردەمی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراقن.

ئەوە لە کاتێک دایە کە چەند رۆژ پێش ئێستا ٦ ئەندامی بنەماڵەیەک لە یەکێک لە گوندەکانی سەربە شاری مەلەکشاهی لە پارێزگای ئیلام بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکی دەستی تووشی رووداو بوون و لە ئەنجامدا ٥ کەسیان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست دا و کەسێکیشیان بە توندی بریندار بوو.