جوانڕۆ/ مانۆڕی سەلەفییەکان بە شمشێر، ترس و دڵەراوکێی خستووەتە ناو دڵی هاووڵاتییانەوە

13:34 - 24 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: بەوتەی هاووڵاتییان ژمارەیەکی بەرچاو لە ئیسلامییە توندرەوەکانی جوانرۆ بە شمشێر و قەمەوە دەستیان بە مانۆردان لەناو شاری جوانرۆدا کردووە و ئەو هەوڵەش ترس و دڵەڕاوکێی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣‌ی رەزبەر لەشاری جوانرۆ نزیک بە ٥٠ دەزگا ماشێن و ماتۆر کە سەرنشینەکانی سەر بە گرووپە ئیسلامییەکان بوون، لەشەقام و کۆڵانەکانی ئەو شارەدا دەستیان بە مانۆڕدان کردووە.

ئەو گرووپانە ئاڵای رەشییان پێ‌بووە و هەروەها بە بەردەوامی دروشمی \" اللە اکبر\"‌یان وتووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا هەواڵنێری کوردپا رایگەیاندووە، ئەو گرووپانە کە سەرجەمیان ئاڵای رەش و شمشێر و قەمەیان بە دەستەوە بووە لە ناو شاردا سووڕاونەتەوە و بە زمانی عەرەبی دروشمیان داوە.

لەلایەکی دیکەوە شایەتحاڵانیش بە هەواڵنێری \"کوردپا\"یان وتووە، ئەو کەسانە سەر بە سەلەفییەکانن و مەبەستیشیان لەو کارە دەرخستنی خۆیان و سەپاندنی بیروباوەڕییان لەرێگای توندوتیژییەوە بەسەر کەسانی دیکە دایە.

هێزە ئینتزامی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری جوانرۆ سەرەڕای بینینی ئەو دۆخە هیچ پەرچەکردارێکیان لە خۆیان نیشان نەداوە.

شایەتحاڵان ئەوەشیان خستۆتە روو، چەند هاووڵاتیی کە دەیانهەویست لە جەولەی سەلەفییەکان وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی بگرن، لەلایەن ئەو گرووپانە هێرشیان کراوەتە سەر و دراونەتە بەر لێدان و کوتان.

بوونی سەلەفیییەکان لەشاری جوانرۆ و مانۆڕدانی لەو چەشنە و چەندین کردەوەی دیکەی ئەو گرووپە و لە لایەکی دیکەوە و بێدەنگی ناوەندە پێوەندیدارەکانی حکوومەتی ئێران لەو بارەیەوە، چەندین پرسیاری بێ‌وڵامی لای هاووڵاتیانی شاری جوانرۆ دروست کردووە.

ماوەیەک لەمەوبەریش پێنج کەسی سەلەفی لە شاری جوانرۆ هێرشیان کردبووە سەر دووکانێکی پارچە فرۆشی و خاوەنی ئەو دووکانەیان دابوویە بەر چەقۆ و دواتریش دووکانەکەیان سووتاندبوو.