جوانڕۆ؛ هاووڵاتییەکی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی لەدەست دا

17:54 - 24 سەرماوەز 2722

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی سەرماوەز، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "مەریوان میرئەحمەدی" خەڵکی گوندی "دۆڵتا"ی شاری جوانرۆ، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان بە گومانی پێبوونی شتومەکی قاچاغ، تەقەیان لە ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردە، کردبوو.

سەرچاوە خۆجێیەکانی شاری جوانڕۆ باس لەوە دەکەن کە لەو ڕووداوەدا دوو هاووڵاتیی دیکە بریندار کراون و هەتا ئێستا شوناسیان ناڕوونە.

جەنازەی مەریوان میرئەحمەدی ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری کرماشان کراوە و بڕیارە ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی لە گوندی "دۆڵتا" بەڕێوە بچێت.