جوانڕۆ؛ مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا

12:14 - 22 سەرماوەز 2722

مامۆستا سەیفوڵڵا حوسینی، پێشنوێژی مزگەوتی خاتەمولئەنبیای شاری جوانڕۆ، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لە چارەنووسی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی ئەو مامۆستا ئایینە، لە کاتی دەسبەسەرکرانیدا ئازار و ئەشکەنجەشیان داوە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی هێرشکردنە سەر ماڵی مامۆستا سەیفوڵڵا، خێزانی ناوبراو بە ناوی خاتوون قادری دەدەنە بەر لێدان  کە بەم هۆیەوە دەستی تووشی شکان بووە و دەسبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی جوانرۆ کراوە.

پاش دەسبەسەرکرانی مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی، خەڵکی شاری جوانرۆ لە بەرانبەر فەرمانداریی ئەو شارە، کۆ بوونەوە و خوازیاری ئازادکردنی دەسبەجێی ئەو مامۆستا کوردە بوون.

مامۆستا سەیفوڵڵا حوسێنی، ئەندامی مەکتەب قورئانی کوردستانە.