جوانترین سەیرانگەی مەریوان ئاگری تێبەردرا

21:57 - 3 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: سەیرانگەی چیای فەیلەقووس کە بە یەکێک لە جوانترین سەیرانگەکانی شاری مەریوان دادەنرێت، لەلایەن کەسێکی هەلپەرستەوە ئاگری تێبەردرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا و بەوتەی شایەتحاڵێکی خەڵکی ناوچەی مەریوان، زیاتر لە ٣٠٠ هێکتار لە دارستان و لەوەڕگەکانی چیای \"فەیلەقووس\" لە پشت گوندی دارسێران بەدەستی کەسێکی سەربە حکوومەت لە ئاگردا سووتان.

بەوتەی شایتەحاڵەکە، ئەو کەسەی سەربە حکوومەت لەلایەن هاووڵاتییانی گوندی دارسێرانەوە دەستبەسەر کراوە و رادەستی ناوەندە حکوومەتییەکان کراوە، بەڵام ناوبراو بەبێ لێپرسینەوە ئازاد کراوەو هاوکات ئەم کارەی هێــزە حکوومەتییەکان ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتۆتەوە.

ئەو شایتحاڵە راشیگەیاند، ژینگە پارێــزان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان ماوەی چەندین شەو و رۆژە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکانی دەوروەری شاری مەریوانن و دەگوترێت ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە شەو و رۆژ لە چیاکان دەمێننەوە، بەڵام هەتا ئیستا لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە هیچ هاوکارییەکیان نەکراوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی دیکە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند، هەنووکە دارستان و لەوەڕگەکانی دەوروبەری گوندی \"خواشت\"ی و هەروەها لەوەڕگەکانی پشت زانکۆی \"پەیام نوور\"ی مەریوان لە ئاگردا دەسوتێن و ژینگە پارێزان و ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنی ئەدەن.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان و چالاکانی ژینگەپارێزیی شاری مەریوان لەسەرتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ٢ شاری مەریوان و سەوڵاوا ٨٧ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمار کراوە.