جاددەکانی کوردستان بەردەوامن لە قوربانی گرتن

16:41 - 12 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئیسفەهان بەجێماو و بریندارەکانی ڕووداوی هاتوچۆی جاددەی مەریوان ـ سنەش گیانیان لەدەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ کاتژمێر ١٠ی شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەر لە جاددەی \"نگڵ\" لە نێوان سنە – مەریوان تانکرێکی هەڵگری سوتەمەنی وەرگەڕا و بەهۆیەوە ٦ ماشینی دیکەی تووشی ڕوداو کرد.

لەم ڕووداوەدا دەستبەجێ هاووڵاتییەکی مەریوانی بەناوی \"عەمار عەمیدی\" گیانی لەدەستدا.

بریندارەکانی دیکەش کە بەشێکیان برینەکانیان قورس و ناجێگیر بووە بۆ نەخۆشخانەکانی ئیسفەهان و چەند شاری دیکە گوازرانەوە بەڵام سەرەڕای ئەمەش ٣ کەسی دیکیان دوێنێ شەو گیانیان لە دەستدا کە شوناسیان بریتییە لە: \"میلاد ئازەری خەڵکی مەریوان، ئیسماعیل بازگیر خەڵکی گوندی حەسەن قڕەی مەریوان و شەروین سەوزە خەڵکی نۆدشە\".

لەم ڕووداوەدا هەروەها ٣ کەسی دیکەش بریندار بوون کە هەنووکە لە نەخۆشخانەدان.

لە لایەکی دیکەشەوە لە شاری سەقز و لە نیزیک گوندی \"تەمۆغە\" هەڵکەوتوو لە جاددەی بانە ـ سەقز ماشینێکی جۆری سەمەند لە شیوێکەوە کەوتە خوارێ کە بەهۆیەوە ٢ کەس لە ئەنجامی تەقینەوەی ماشینەکەدا سووتان و گیانیان لە دەستدا.

هەواڵدەرییە خۆجێیەکانی ناوچەی سەقز هەروەها باسیان لە ڕووداوێکی دیکە بە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر کردووە کە نیزیک گوندی \"ڕەشی ئاوا\" هەڵکەوتوو لە نێوان دیواندەرە ـ سەقز کردووە کە بەهۆیەوە ١ کەس کوژراو و ٧ کەسی دیکەش بەسەختی بریندار بوون.

ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانیش، لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا لە نێوان جادەی مەهاباد _ ورمێ، لە کۆی ٨ موسافیر، ٦ کوژراو و ٢ برینداری لێکەوتەوە.

لە زۆربەی ڕێگاکانی هاتوچۆی ئێران و بەتایبەت کوردستان ناستانداردن و هێمای هوشیارکەرەوە بۆ پێش گرتن بە ڕووداوی هاتوچۆ بوونی نیە.

ڕێگاوبانی ناستاندارد، کەمتەرخەمیی شۆفیرەکان و خراپیی و کۆنیی ماشینەکان، لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان بە ئەژمار دێن و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری قوربانیانی ئەو جۆرە ڕووداوانە ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

ماوەیەک پێش ئێستا، هەواڵدەریی \"ئیلنا\" بڵاوی کردەوە، قیرتاوی ناستاندارد، چاڵ‌وچۆڵی ڕێگەوبانەکانی ئێران، هۆکاری لەسەدا ٣٠ی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لەو وڵاتە دایە و ئەو قیرەی کە لە ئێران بۆ قیرتاوکردنی جاددەکان کەڵکی لێ وەردەگرێت، تەنانەت لە وڵاتانی سریلانکا و تانزانیاش قەدەغە کراوە و هیچ کڕیارێکی لە جیهاندا نییە.

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، ڕووداوی هاتوچۆ سەرەکی‌ترین ڕووداوی ناسروشتییە کە لە ئێراندا گیانی هاووڵاتییان دەستێنێت.

نێونجیی جیهانی مردن بەهۆی ڕووداوەکانی هاتوچۆ ١٤ کەس لە نێوان ١٠٠ هەزار کەسە بەڵام لە ئێراندا ئەم ڕێژە ٣٠ کەسە ئەمەش وای کردووە کە ئێران لە نێو ١٩٠ وڵاتی جیهان پلەی ١٨٩ بۆ خۆی تۆمار بکات.