تەیموور ئەلیاسی: کاوە جەوانمەرد بە چالاکییەکانی خۆی، پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستانی گۆڕی بۆ پرسێکی نێونەتەوەیی

17:30 - 15 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژێنێڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکییەکانی کاوە جەوانمەردی لە بواری مافی مرۆڤ بۆ ناوەندە نێونەتەوەییەکان پڕبەرهەم وەسف کرد.

شەهید کاوە جەوانمەرد یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی دامەزرێنەری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردستان(کوردپا) بوو کە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە جێگیر کردن، فۆڕم پێدان و بەردەوام بوونی ئەو ئاژانسە سەربەخۆیە بووە.

تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژێنێڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراندنی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای بە گۆڕانێکی بنەڕەتی لە بواری مافی مرۆڤ و گەیاندنی زانیاری کوردستان وەسف دەکات و دەڵێت: شەهید کاوە جەوانمەرد یەکێک لە ئەندامانی هەیئەتی دامەزرێنەری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بوو و ئەمەش خاڵێکی وەرچەرخانە لە بواری مافی مرۆڤ و گەیاندنی زانیاری کوردستان بە ئەژمار دێت.

پێشتر هەواڵەکانی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە کوردستان لە ڕێگای حیزبە سیاسییەکانەوە بە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەدرا کە لەگەڵ پێشوازییەکی کەم لەلایەن ناوەندەکانی مافی مرۆڤەوە بەرەڕوو دەبوو، بەڵام بە دامەزراندنی ئاژانسی کوردپا و بڵاوبوونەوەی راستی و دروستی هەواڵی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ،ئەم ئاژانسە ڕۆڵێکی بەرچاوی لە سەر ناوەندە نێونەتەوەییەکاندا دانا و بوو بە یەکێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ و ئاماری پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بۆ ناوەندە نێونەتەوەییەکان و چالاکی کوردپا بووە جێی باوەڕی نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێران.

\"\"
تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران_ژێنێڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
کاوە جەوانمەرد هاوکات بە دانی ڕێکار و ڕێنوێنییەکانی خۆی، لە کردەوەدا بوو بە یەکێک لە ڕاگەیەنکارەکانی ئاژانسی کوردپا.

نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان_ژێنێڤ ئاماژەی بەو کرد کە کاوە جەوانمەرد بەبەردەوامی پێداگری لە سەر ڕاستی ودروستی هەواڵەکانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان دەکرد و هەواڵی پەیوەندیدار بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤی نەدەکردە قوربانی پڕوپاگەندەی کورت ماوە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: بڵاوکردنەوەی زانیاری و ئاماری دروستی بەشی مافی مرۆڤی کوردپا کە کاوە جەوانمەرد ڕۆڵێکی بنەڕەتی لەو بەشە دا هەبووە، بۆ ناوەندەکانی مافی مرۆڤ زۆر پڕبایەخ بووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەیکە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ گرینگی تایبەت بە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان بدەن کە ئەمەش ئاکامی چالاکییە بەردەوامەکانی کاوەی جەوانمەرد بووە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت، بە شەهامەتەوە دەتوانم بڵێم کە کاوە جەوانمەرد بە چالاکییەکانی لە بواری مافی مرۆڤ و پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ناوەندە نێونەتەوەییەکان دەنگی زیندانییانی سیاسی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستانی بە بیروڕای گشتی بگەیەنێت.

ئەو ڕۆژنامەوانە بە پێشینەیە سەرەڕای ئەوەیکە ئەندام و چالاکی خۆی لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیون بەڕێوە دەبرد، هەروەها پێداگری لە سەر پاراستن و سەربەخۆیی و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ورد و دروست دەکرد و بە گشتگیرتر کردنی هەوڵی پەیوەندیداری کوردستانی ئێران بە ئامانجی ئیستراتیژێکی کوردپای دەزانی.

کاوە جەوانمەرد خاوەنی بەڵگەی بڕواپێکراوی نێونەتەوەیی لە بیاڤی ڕۆژنامەوانی‌دا بوو. ماوەی ساڵانی ١٣٨٣ و ٨٤ی هەتاوی لەگەڵ حەوتوونامەی \"کەرفتوو\" هاوکاری کردبوو.

تەیموور ئەلیاسی بە ئاماژە کردن بە چالاکییەکانی ئەو ڕۆژنامەوانە ناودارەی کورد دەڵێت: کاوە جەوانمەرد بە چالاکییەکانی خۆی بە شێوەی زانستی لە بواری مافی مرۆڤ، پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە کوردستان بە باسێکی ئەمڕۆیی لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان کردبوو، ئەگەر ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆیی لە ئێران باسی لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە کوردستان دەکات، ئاکامی هەوڵەکانی کاوە جەوانمەرد بووە.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی ناوبراوی لە دوو دۆسیەی جیاجیادا بە تۆمەتی \"دژایەتی لەگەڵ خوا\" بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخستەوە بۆ زیندانی مەراغە حوکم دابوو.

١٨ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەی دەفتەری سیاسیی حیزب، شەهید بوونی کاوە جەوانمەرد لە شەڕ و تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران لەگەڵ پێشمەرگەکانی ڕاگەیاندبوو.