تەڵاق لە ورمێ، کرماشان، کوردستان و ئیلام لەڕووی ئامارییەوە

15:44 - 11 خەزەڵوەر 2714
ئاژانسی کوردپا: ئاماری تەڵاق لە ناوچە کوردنشینەکانی وڵاتی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ پەرە دەستێنێ و کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی ئەو رەوتەیان بە سۆنامیی تەڵاق لە قەڵەم داوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، تەنیا لە ئوستانی کوردستان، نزیک بە ٢ هەزار حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە، کە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو، لەسەدا ١/٥ چوونەسەرەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

بەرپرسی ئیدارەی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی ئوستانی کوردستان رایگەیاندووە، لە هەر شەو و رۆژێکی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ١٠ ژن و مێرد لە یەکتر جیابوونەتەوە، کە زۆرترین حاڵەتی تەڵاق لە نێو پیاواندا لە نێوان ٢٥ هەتا ٢٩ ساڵ تەمەن و ژنانیش لە نێوان ٢٠ هەتا ٢٤ ساڵدا بووە.

بە گوتەی موحسین ئاقایی، تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە نیو ژنان و پیاواندا دەچێتە سەرتر، کە تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٢٧ بۆ ٨٥ ساڵ و تەمەنی ژنانیش ٢٣ بۆ ٤٥ ساڵ بووە.

هاوکات ماڵپەڕی رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی وڵاتی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، تەنیا لە ٣ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا دوو هەزار و ٢١٢ ژن و مێرد (١١٠٦ حاڵەتی تەڵاق) لە ئوستانی کرماشان کۆتاییان بە ژیانی هاوبەشیان هێناوەو لێک جیا بوونەتەوەو لە بەرامبەریشدا ٤ هەزار و ٨١٨ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش تۆمار کراوە.

ساڵی رابردووش ئوستانی کرماشان لەمەر ئامارێ تەڵاق لە سەرووی ئوستانەکانی دیکەوەی وڵاتی ئێرانەوە بووەو تەنیا لە دەستپێکی مانگی خاکەلێوەوە هەتا کۆتایی مانگی سەرماوەز ٣ هەزار و ٦٣٩ حاڵەتی تەلاق لەو ئوستانەدا تۆمار کرابوو.

ئوستانی کرماشان، بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی ١ ملوێن و ٩٤٥ هەزار و ٢٢٧ کەس حەشیمەتی هەیە.

هەروەها بەپێی ئامارەکان، هەزار و ٣١٠ حاڵەتی تەڵاق لە ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتیی ئوستانی ورمێدا تۆمار کراوەو لە بەرامبەریشدا ٨ هەزار و ٦٧٠ حاڵەتی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەو ئوستانە رووی داوە.

لە ئوستانی ئیلام، کە کەمترین ئاماری حالەتی تەڵاقی تێدا تۆمار کراوە، ١٤٠ حاڵەت لە ماوەی سێ مانگی یەکەمدا بووە و لە بەرامبەریشدا دوو هەزار و ٨٥٨ کوڕ و کچ ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە.

بەرپرسی رێکخراوی تۆمارکردنی باری کەسیەتیی وڵاتی ئێران رایگەیاندووە، بە شێوەی نێونجی لە هەر ساڵێکدا ١٥٠ هەزار حاڵەتی تەڵاق لە وڵاتی ئێراندا تۆمار دەکرێ و بەگوتەی ناوبراوە ئەم رەوتە بەرزبوونەوەیەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ئامارەکان، زۆرترین حاڵەتەکانی لێك‌جیابوونەوەی ژن و مێرد لە وڵاتی ئێراندا، لەماوەی پێنج ساڵی یەکەمی ژیانی هاوبەشیاندا رووی داوە.

کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی هۆکارەکانی لێک‌جیابوونەوەی ژن و مێردەکان بۆ بێکاری، نەبوونی پەیوەندی و ناسیاوی لە سەر یەکتر و تووشبوون بە ماددە هوشبەرەکان و چاوەڕوانیی لەڕادەبەدەری ژن و مێرد لە یەکتر، دەگەڕێننەوە.