تەپ و تۆزی کارخانە سیمانی ئیلام، چوار گوندی دەورووبەری چۆڵ دەکات

14:45 - 30 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییانی کوردی خەڵكی گوندەکانی دەورووبەری کارخانەی سیمانی ئیلام، بەهۆی تەپ و تۆزی لە رادەبەدەری ئەو کارخانەیەوە، گوندەکانیان چۆڵ دەکەن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا بەرپرسانی کارخانەی سیمانی ئیلام باس لە ستاندارد بوونی ئەو کارخانەیە دەکەن، گوندەکانی (کانی خەزان و کانی پان، سەراو کارزان و قەنات) کەلە دەورووبەری ئەو کارخانەیە هەڵکەوتوون، لە ئەنجامی تەپ و تۆزی لە رادەبەدەری کارخانەکە، بەرەو چۆڵ بوون دەچن.

دانیشتوانی ئەو دوو گوندە، نەبوونی کۆنتڕۆڵ و چاوەدێریی لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چاوەدێریی ئەو کارخانەیە، بە هۆکاری هەبوونی تەپ و تۆزی لەرادەبەدەری ئەو کارخانەیە لە قەڵەم ئەدەن.

یەکێک لە دانیشتووی گوندی قەنات لە تەنیشت ئەو کارخانەیە، رایگەیاندووە: لە سێ وەرزی ساڵدا تەپ و تۆز دەگاتە ئەوپەری خۆی، بە شێوەیەک کە ئەگەر لە وەرزی هاویندا، کە گەرمیی هەوا هەتا نزیک ٥٠ پلە بەرز دەبێتەوە ، برق ببڕێت و ئامێرەکانی فێنک کەرەوە کار نەکەن، لەبەر تەپ و تۆز ناکرێ یەک خولەکیش لە حەوەشە دابنیشین.

بەگوتەی دانیشتوانی گوندی کارزان و قەنات، هەر کاتێک کۆنترۆڵ و چاوەدێری لەسەر کارخانەکە بوونی هەبێت، دەستبەجی تەپ و تۆزیش کەم دەبێتەوە.

پێشتر دانیشتوانی بەخشی کارزان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە وڵام نەدانەوەی بەرپرسان لەمەڕ کۆنتڕۆڵ و چاوەدێری بەسەر کارخانەی سیمانی ئیلام، لەبەردەم ئوستانداری ئەو شارەدا کۆبوونەوە.

هاووڵاتییانی دانیشتووی گوندەکانی دەوروبەری ئەو کارخانەیە راشیانگەیاندووە: بەرپرسانی کارخانە سیمانی ئیلام لەماوەی ٢ سالی رابردوودا زۆربەی کرێکارانی خۆجێیان لەسەر کارەکانیان دەرکردووە.

کارخانەی سیمانی ئیلام، لە بەخشی کارزان و لە ٢٠ کیلۆمیتریی باکووری ئیلام هەڵکەوتووەو \"بنیادی مستضعفان\" کە لەژێر چاوەدێریی رێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئیراندایە خاوەنی پشکی زۆری ئەو کارخانەیە.