تەورێز/ زیندانییەکی کورد لەسێدارە درا

20:05 - 14 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە ناوەندە گرێدراوەکانی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەی هاووڵاتیەکی کوردی جێبەجێ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، زیندانی ناوەندیی تەورێژ کە لەژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی زیندانەکاندایە، سزای سێدارەی زیندانییەکیی تەمەن ٤٠ ساڵی کوردی بەناوی بیوک موحێبی کوڕی ئەمین، جێبەجێ کرد.

دەزگای قەزایی ڕێژیم نزیکەی ١٤ ساڵ بەر لەئێستا ئەو زیندانییە کوردەی خەڵکی ورمێی بە \"کوشتنی بەئەنقەست\" تاوانبار کردبوو.

ئەو زیندانییە خێزاندار و باوکی منداڵێکیش بووە.

سزای لەسێدارەدانی بیووک موحێبی، سەر لە بەیانیی ڕۆژی ڕابردوو لە زیندانی تەورێز و بە بەشداریی بەرپرسانی قەزایی و ئەمنیەتی جێبەجێ کرا.

ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران، لە پێنجەمین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند کە ڕێژەی ئێعدامی هاووڵاتییان لە ئەم ساڵی (زایینی)ەدا ٢٥% بەرز بووەتەوە.

ئەحمەد شەهید پێشبینی کردووە کە ڕێژەی ئێعدامەکان هەتا کۆتایی ئەم ساڵە زایینیە بگاتە ١٠٠٠ حاڵەت.