تەندروستی کۆڵبەرێکی کورد لە نەخۆشخانەی شاری سنە نالەبارە

16:03 - 31 جۆزەردان 2717
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی پێرانەگەیشتنی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی شاری سنە، بارودۆخی جەستەیی نالەبارە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی نەوشیروان ڕەزایی خەڵکی گوندی\"هێلیزئاوا\"ی مەریوان لە نەخۆشخانەی شاری سنە لە بارودۆخێکی نالەباری جەستەییدایە.

بە وتەی یەکێک لە نزیکانی ئەو کۆڵبەرە کوردە، کەمتەرخەمی بەرپرسانی نەخۆشخانەی شاری سنە بە نیسبەت چارەسەر کردنی پزیشکی ئەو کۆڵبەرە کوردە بووەتە هۆی نالەباری بارودۆخی تەندروستی ناوبراو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، پاش بریندار بوونی بە هۆی تەقینەوەی مین و بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری سنە گوێزرایەوە و هەتا ئێستا پزیشکانی نەخۆشخانە لە چارەسەر کردنی نەوشیروان خۆیان بواردووە.

ڕۆژی٢٧ی جۆزەردان، کۆڵبەرێکی کورد لە نیزیک سنووری\"درەوەران\"ی شاری مەریوان بە هۆی تەقینەوەی مین قولاپەی لاقی بریندار بوو.

نەبوونی هەلی کار، بێکاری و مایەپووچ بوونی یەکەکانی بەرهەم هێنان لەو هۆکارانەیە کە هاووڵاتییانی کورد بە تایبەتی توێژی کەم داهاتی کۆمەڵگای کوردستان، ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن.

شارەکانی سەقز، جوانڕۆ، سەردەشت، بانە، ورمێ، پاوە و مەریوان لەو شارانەن کە ژمارەیەک لە هاووڵاتییان لەو ڕێگایەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.