تەندروستی زەینەب جەلالیان پاش بەردەوام بوون لە مانگرتنی دەرمان نالەبارە

16:11 - 18 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: بارودۆخی زیندانییەکی کورد لە گرتووخانەی شاری خۆی بە دوای مانگرتنی لە دەوا و دەرمان و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی نالەبار ڕاگەیەندراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی کورد لە گرتووخانەی شاری خۆی پێی ناوەتە ١١هەمین ساڵی زیندانی کرانی و بە هۆی مانگرتن لە دەوا و دەرمان بۆ ماوەی زیاتر لە یەک ساڵ و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە بارودۆخێکی نالەبار لە زینداندا ژیان بە سەر دەبات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، بەرپرسانی زیندان بە شێوەی بەردەوام لەگەڵ چارەسەری پزیشکی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لە دەرەوەی زیندان، دژایەتییان دەربڕیوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: سەرەڕای ڕاسپاردە (توصیە)ی بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ کۆتایی هێنانی بە مانگرتنەکەی، زەینەب درێژەی بە مانگرتنەکەی داوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو: ئەو زیندانییە سیاسییە بە سەختی نەخۆشە و پێویستی بە چاوەدیری تایبەتی پسپۆڕی لە دەرەوەی زیندان هەیە.

پێشتریش، زەینەب جەلالیان لە زیندانی کرماشان تووشی نەخۆشینی \"ناخنک\" ببوو و ئەو نەخۆشییە بووە هۆی لە کزی دانی چاوی ناوبراو، هەتا ئێستا هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەری ناوبراو نەدراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی، بەرپرسانی زیندان و دەزگای قەزایی سەرەڕای بارودۆخی نالەباری جەستەیی زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی لەگەڵ چارەسەری پزیشکی ناوبراو لە دەرەوەی زیندان دژایەتییان کرد.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی خۆبواردن لە چارەسەریی پزیشکی بۆ زەینەب جەلالیان بە سزای توند و وەرگرتنی\"دانپێنانی زۆرەملی\" لە ناوبراو دەزانێ.

زەینەب جەلالیان بە تاوانی ئەندامیەتی و هاوكاریی لەگەڵ یەكێك لە حیزبە كورییەكانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومەتی ئێران بە \" محاربە\" ناسراوە و ئەو چالاكە سیاسییە سەرماوەزی ٩٣ بۆ زیندانی خۆی راگوێزراوە.