تەندروستیی زیندانییەکی سیاسی لە زیندانی ورمێ‌دا خراپە

15:34 - 26 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: \"محەممەد عەبدوڵڵاهی\" زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ورمێ‌، تەندروستیی باش نیە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"محەممەد عەبدوڵڵاهی\" زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە ئێعدام لە زیندانی ورمێ‌، کە لە کاتی دەستبەسەرکراندا لاقی چەپی شکابوو، سەرەڕای ئەوەیکە لە بڕبڕەی پشتی‏دا تووشی کێشە بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئیزنی مەرەخەسی بۆ چارەسەری نەخۆشینەکەی نادەن.

\"29018.jpg\"
محەممەد عەبدوڵڵاهی
محەممەد عەبدوڵڵاهی زستانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی، لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا لە لایەن هێزەکانی حکوومەتەوە لاقی شکاوە و دوای تێپەڕبوونی چەند ساڵ لە بارودۆخی ناڵەباری جەستەیی ناوبراو، تا ئێستا چارەسەریی پزیشکی بۆ نەکراوە.

ناوبراو ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی ڕێکەوتی ٢٧ی ڕەشەمە بە تۆمەتی \"شەڕ لەگەڵ خودا\" و \" پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران\" دەستبەسەر و بە ئێعدام مەحکووم کرا و هەنووکە ماوەی ٥ ساڵە لە زینداندایە.

هەواڵدەریی هێرانا لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە کە ناوبراو بۆ تێپەڕکردنی ماوەی حوکمەکەی بۆ زیندانی بیرجەند ڕاگوێزراوە.