تەمەنی خۆکوژی لە کوردستان گەیشتە ٨ ساڵ

16:14 - 14 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: تەمەنی خۆکوژی لە کوردستان لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و هەر لەو پەیوەندییەدا کوڕیکی تەمەن ٨ ساڵ لە پیرانشار دەستی دایە خۆکوژی.

چەند رۆژ پێش ئێستا، کوڕێک بەناوی \"هـ ، ن \" تەمەن ٨ ساڵ و خەڵکی پیرانشار بەهۆی ئەوە کە دایک و باوکی کەرەسەی یاری کردنیان بۆ نەکرێوە، بە کەڵک وەرگرتن \"دۆخین\"ی پاتۆڵەکەی هەوڵی خۆخنکاندنی داوە.

یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی پیرانشار بڵاوی کردەوە، ئەو کوڕە لەلایەن دایک و باوکییەوە لە مردن رزگاری بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی شاری ورمێ کراوە و هەنووکە لە بەشی \"ICU\"ی نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا کچە قوتابییەکی پۆلی چواری سەرەتایی بەناوی \"سەفوورا سەعیدە\" تەمەن ١٠ ساڵ و خەڵکی گوندی \"پەسوێ\"ی سەربە پیرانشار کە یەک مانگ پێش‌تر ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو، بەهۆی کاریگەریی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

پێشتریش منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ و قوتابیی پۆلی ٤ی سەرەتایی لە شاری ورمێ بەمەبەستی گوشار خستنەسەر باوکی خۆی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ کوڕێکی تەمەن ١٥ ساڵەی ئیلامی دوابەدوای دروست بوونی کێشە لەگەڵ بنەماڵەکەی هەوڵی خۆکوژی دابوو.

پێشتریش لە رێکەوتی ١٤ی رەشەممەی ساڵی ١٣٩١ کچێک بەناوی \"پەریا رەحمەتی\" تەمەن ١٤ ساڵ و کچی \"مەحموود\"، بەهۆی ئەوەیکە بەزۆری دەستیان پێ لە خوێندن هەڵگرتبوو، ئاگری لەجەستەی خۆی بەردا کە دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

کارناسان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی \"هەژاری، کێشە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکانیان وەک سەرەکی‌ترین هۆکاری دابەزینی تەمەنی خۆکوژی هاووڵاتییانیان لە قەڵەم داوە.