تەقە کردن لە کاسبکاران چوار برینداری لێکەوتەوە

13:34 - 26 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: چەند کەسێک لە دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت لە شاری مەهاباد، چەند کاسبکارێکی خەڵکی ئەو شارەیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامدا چوار کەس بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٨ی شەوی ٢٣ی ڕەشەمە، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی چەند کەسێک لەدەستوپێوەندییە خۆجێییەکانی حکوومەت لە شاری مەهاباد لە کاسبکارانی کورد، چوار کاسبکاری ئەو شارە بریندار بوون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد شوناسی ئەو سێ کاسبکارە بریندارەی بە ناوەکانی \"سەیید عوسمانی\" کوری محەممەد، \"جەلال سولەیمانی\" کوڕی عەلی و \"خالید محەممەدپوور\" کوڕی ڕەحیم ڕاگەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناوی برینداری چوارەم ئاشکرا نەبووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، خەڵکی شاری مەهاباد بە هانای کاسبکارەکانەوە دێن و بریندارەکان بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی ئەو شارە دەکەن و دەستوپێوەندییەکانی حکوومەتیش ڕاو دەنین.

هەروەها ڕۆژی دواتر ٢٤ی ڕەشەمە، بنەماڵەی ئەو کاسبکارانە لە فەرمانداریی شاری مەهاباد دژی ئەو چەند کەسە سکالا تۆمار دەکەن، بەڵام هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچ وەڵامێکی ئەرێنییان دەست نەکەوتووە.

ماوەی چەند ساڵێکە دەستوپیوەنییە خۆجێییەکانی حکوومەت بە دانانی کەمین لە نێو شار و دەرەوەی شاری مەهاباد، بەشێوەی خۆسەر یان فەرمان پێدراو جیا لە هێزەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی شتومەکی قاچاخ لە ماڵی خەڵک وەژوور دەکەون.

پاش دەستبەسەرداگرتنی کەلو پەلەکان، بێ ئەوەیکە دۆسییەی بۆ سازکەن، خۆیان لە بازاردا دیسان لە ڕێگەی هەندێک قاچاخچی خۆیانەوە هەمان شتومەک دەفرۆشنەوە.

هەڵبەت ئەو خەڵکانەی کاڵاکانیان لێ زەوت دەکرێت لە ترسی ڕەوانە کران بۆ دادگا و جەریمەی قورس و ترس لە مۆسادیرە کرانی ماڵ و حاڵیان، بەوە ڕازی دەبن کە چەکدارە بەکرێگیراوەکان شت و مەکە قاچاخەکانیان لێ زەوت بکەن و خۆیان بۆ دەرباز بکرێت.