تەقە کردن لە هاووڵاتییانی کورد لە لایەن هێزەکانی حکوومەتییەوە بەردەوامە

13:37 - 19 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە حکوومەتییەکانی ئێران لە جاددەی نێوان دیواندەرە_سەقز ماشینی هاووڵاتییەکی کوردیان دایە بەر دەستڕێژ و بوو بە هۆی بریندار بوون و لە ئاکامدا گیان لە دەستدانیان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕەزبەر، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە جاددەی نێوان شاری دیواندەرە_سەقز، ماشینی هاووڵاتییەکی کوردیان دایە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا بوو بە هۆی بریندار بوونی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە.

دەگوترێ، هێزە ئینتزامییەکان بە بیانووی بوونی شتومەکی قاچاغ، تەقەیان لە ماشینی جۆری \"سەمەند\"ی ئەو هاووڵاتییە کوردە کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: بە هۆی بریندار بوونی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە ئەنجامی تەقەی هێزە ئینتزامییەکان، ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردە لەگەڵ ماشینێکی بارهەڵگردا پێکدەدەن و ئەم ڕووداوەش دەبێتە هۆی گیان لە دەستدانی ئەو دوو هاووڵاتییە.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە.

هێزە نیزامی و ئینتزامییەکانی و هێزەکانی سپای پاسداران لە سەر ڕێگای گوندەکانی شار و ناوچەکانی کوردستان چەندین خاڵی پشکنینیان داناوە و هەروەها شایەتحاڵان ڕایانگەیاندووە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بەبێ ئەوەی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتییەوە ئاگادار بکرێنەوە دراوەنەتە بەر دەستڕیژ و لە ئاکامدا گیانیان لە دەست داوە.