تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان بەردەوام لە کوردستاندا قوربانی دەگرێ

20:23 - 21 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: نیزامییە حکوومەتییەکان لە کوردستان بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقە لە هاووڵاتییان دەکەن.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی ڕەزبەر، هێزەکانی سپای پاسداران لە سەرەتای جادەی خاکیی \"بیدمیری\" سەر بە شاری پاوە که دەگاتە کوێستانەکانی شاهۆ، هاووڵاتیەکی کورد بە ناوی فەرشاد چەچانی، کوڕی ئیسماعیل، دانیشتووی شاری پاوەیان کرده ئامانجی دەسڕێژی خۆیان کە لە ئاکامدا ئەو هاووڵاتیە کوردە گیانی لە دەست دا.

به وتە‌ی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە \"بیدمری\"، دەرگیری لە نێوان هێزەکانی سپای پاسداران و هێزەکانی یەکێ لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران هاتووەتە ئاراوە ؛ فەرشاد چەچانیش یەکێ لە وەرزێرانی ئەم ناوچەیە .

تەرمی ناوبراو گوێزراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی پاوە و تا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

لە لایەکی تریشەوە، ڕۆژی هەینی، ٢٠ی ڕەزبەر، هێزە نیزامییەکانی جاددەی مەهاباد ـ بۆکان، تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی تاکەکەسیی هاووڵاتیەکی کورد کرد و لە ئاکامدا دوو کەس لە موسافیرانی ئەم ئۆتۆمبێلە بە ناوەکانی \"عەلی نەسیری\" و \"مەسعوود ئەکبەرپوور\" بە توندی بریندار بوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: فیشەکێک لە سەری عەلی نەسیری داوە و لە بەشی ئای سی یوودا خەوێندراوە و ئەگەری مردنیشی زۆرە.

هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان لەم دوو ڕووداوەدا، بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو تەقەیان لەو هاوولاتیانە کردووە.

وێنە: فەرشاد چەچانی