تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە کۆڵبەران، گیان لە دەستدانی کۆڵبەرێکی لێکەوتەوە

20:57 - 30 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری ورمێ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە بەرزاییەکانی شاخی \"کێلەشین\" گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مەیسەم کەریم عه‌لی\" تەمەن ٢٧ ساڵ خەڵکی شاری ورمێ بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران، لە بەرزاییەکانی \"کێلەشین\" گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: \"ئەم کۆڵبەرە کوردە بە تەقەی هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە و تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ نەخۆشخانەی \"ئاشتی\"ـی شاری سۆران لە هەرێمی کوردستان ڕاگوێزراوە\".

تەرمی ئەو کۆڵبەرە کوردە، هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، بە بنەماڵەکەی نەدراوەتەوە.

ئێوارەی ڕۆژی ٢٩ی بانەمەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە دارستانەکانی گوندی \"میرئاوا\" و \"خێوەتگە\"، دەستیان بە سەر ٣٥٠ سەر ئەسپ و باری کاسبکاراندا گرت و دەیان سەر ئەسپی ئەو کاسبکارانەیان دایە بەر دەسڕێژی گوللە.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پاش کوشتی ئەسپی بارهەڵگری کاسبکاران، دەستیان بە سەر شتومەکی کاسبکاراندا گرت و لەگەڵ خۆیان بردیان. ئەسپە بارهەڵگرەکان هی کاسبکارانی شنۆ و پیرانشار بووە.