تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، برینداربوونی کۆڵبەرێکی لێ‌ کەوتەوە

14:20 - 26 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە \"ملەی تەتە\" پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی بانەمەڕ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، لە ملەی \"تەتە\" ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەردەسڕێژی گوللە و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"مستەفا حاجی\" بە توندی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سپای پاسداران، جێگیر لە گوندی \"هانە گەرمەڵە\"ی ناوچەی هەورامان تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە.

ئەوە سەرچاوەیە دەڵێت: مستەفا حاجی بە هۆی قووڵبوونی برینەکەی ڕەوانە ناوەندی دەرمانیی شاری سنە کراوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دوو کۆڵبەری دیکەی کورد، بە ناوەکانی \"یادگار کەرەمیان\" تەمەن ٣٠ ساڵ و کوڕی سەعید خەڵکی گوندی \"بایندەرە\"ی شاری بانە و \"ڕەحمان ڕەسووڵی ئازەر\" کوڕی خالید خەڵکی گوندی \"گوڵاێـ\"ـی شاری پیرانشار، لە دوو ڕووداوی جیاجیادا، بە هۆی تەقینەوەی مین بە توندی بریندار بوون.

قەیرانی ئابووری لە پارێزگا کوردنشینەکانی کوردستانی ئێران، بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان، هاووڵاتییانی کورد ناچار دەکات کە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە کاری پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری بکەن و سەرەڕای تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی، سەرمابردوویی و تەقینەوەی مینە هەڵنەگیراوەکان، زۆرجار گیانی کۆڵبەران دەستێنن.