تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بووە هۆی لەدەستدانی چاوەکانی کۆڵبەرێکی کورد

14:15 - 6 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شارستانی شنۆ بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی سنووری پیرانشار هەر دوو چاوی خۆی لە دەست دا.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەممە کۆڵبەرێکی کورد بەناوی خالید ئەحمەدیان تەمەن ٢٧ ساڵ، کوڕی حەسەن خەڵکی گوندی دێ گورجی سەر بە ناوچەی نەڵۆسی شنۆ لە سنووری پیرانشار بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی هەر دوو چاوی خۆی لە دەستدا.

\"\"یەکێک لە کەسانی نیزیک بەم کۆڵبەرە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە: خالید ئەحمەدیان بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان ڕووی لەم کارە پڕمەترسییە کردبوو کە لە کۆتاییدا تووشی ئەم تراژێدیایە بوو.

ناوبراو دڵێ: تاکوو ئێستا هیچ کەسێک لە پێوەندی لەگەڵ ئەم تەقەکردنە نەگیراوە یان بڕیاری گیرانی بۆ دەرنەچووە.

ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی ٢ منداڵە.

بەپێی دوایین زانیارییەکان بەهۆی سەختی برینەکانی پاش گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەیەک لە شاری ورمێ ناوبراویان بۆ تاران گواستۆتەوە.