تەقەی ڕاستەوخۆی نیزامییەکانی حکوومەتی کوژرانی دوو کاسبکاری کوردی لێکەوتەوە

15:52 - 27 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری ڕوانسەر سەر بە پاریزگای کرماشان دوو کوژرا و بریندارێکی بە دواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو ٢٦ی پووشپەڕ، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران ماشینی هاووڵاتییەکی کوردیان لە نێوان جادەی ڕوانسەر_کرماشان دایە بەر دەستڕێژی گوللە.

\"\"
حامید عەلی مورادی
هەواڵنێری کوردپا لە شاری ڕوانسەر ڕایگەیاند: لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی شوفیری ماشینەکە و یەکێکی دیکە لە موسافێرەکانی کوژران و کەسێکی دیکە بریندار بوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری ڕوانسەر شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوژراوەی بە\"حامید عەلی مورادی\" خەڵکی شاری جوانڕۆ و \"وەلی خانی\" خەڵکی گوندی\"دێ سوور\" سەر بە شاری ڕوانسەر ڕاگەیاندووە.

دەوترێ، هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ ماشینی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان داوەتە بەر دەستڕێژ.

ئەو هاووڵاتییە کاسبکارە بریندار بووەی ئەو ڕووداوە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شاری روانسەر کراوە و هەنوکە لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە.

پاش ئەو ڕووداوە، هاووڵاتییانی خەڵکی شاری ڕوانسەر لە شوێنی ڕووداوە کۆبوونەوە و لەگەڵ هێزە ئینتزامییەکان تووشی شەڕ و تێکەڵچوون بوون.

تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە هاووڵاتییانی کورد لە جادەکانی کوردستانی ئێران بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، یەکێک لە هۆکارەکانی کوژرانی هاووڵاتییانی کورد بە ئەژمار دێت، کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ڕوون دەبێتەوە کە ئەو هاووڵاتییانە هیچ جۆرە شتومەکێکی قاچاخیان پێ نەبووە.

بە وتەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری ناسراوی کورد، بەپێی یاسای بنەڕەتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، \"ئەگەر کەسێک شوفیری ماشینێک بێت، سەرەتا دەبێ تایەی ئەو ماشینە بکرێتە ئامانج و دواتر شوفیرەکە دەستبەسەر بکرێت.\"