تەقەی هەنگی سنووری لە کۆڵبەران، بریندار بوونی کۆڵبەرێکی لێ کەوتەوە

13:17 - 19 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی سنووریی حکوومەتی ئێران لە کۆڵبەران، لە ناوچەی پیرانشار کۆڵبەرێک بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی ڕەزبەر کاتژمێر ٧.٣٠ بەیانی، لە درێژەی تەقەی کردنی هێزەکانی حکوومەتی لە کۆڵبەرانی کورد، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار پێکرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار، شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوی \"ع.ت\" تەمەن ٣٧ ساڵ ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هەنگی سنووری لە ناوچەی \"کانی خوای\" شاری پیرانشار، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەستڕیژ و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بریندار بوو.

\"\"ئەو سەڕچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: هەنگی سنووری ڕاستەوخۆ بە مەبەستی کوشتنی ئێمە تەقەیان لێ کردووین و \"ع.ت\" گوللەیەک وە بەر سەری کەوت و بریندار بوو.

دەگوترێ، \"ع.ت\" خێزاندار و دانیشتووی شاری پیرانشارە.

تەقە کردن لە کۆڵبەران و هاوکات مینڕێژ کردنی ڕێگای ئەو کۆڵبەرانە لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە لە کاتێک دایە، کە زۆربەی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران تەنیا بۆ دابین کردنی بژیوی ژیان ڕوو لە کۆڵبەری دەکەن.

پێشتر محەممەد ساڵح نیکبەخت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا باسی لەوە کردبوو، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، تێکڕای حاڵەتی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد، لە لایەن ناوەندە قەزاییەکانەوە بە شێوە ئەنقەست (شبە عمد) و غەیرە ئەنقەست (غیر عمد) لە قەڵەم دراون، بۆیە هیچ کام لە بکوژی کۆڵبەران بەرەوڕووی سزا نەبوونەتەوە.