تەقەی هەنگی سنووری لە کۆڵبەرانی کورد دوو قوربانیی بەدواوە بوو

14:47 - 20 سەرماوەز 2716
ئاژانسی کوردپا: لە کوردستان دوو هاووڵاتیی کورد کە خەریکی کۆڵبەری لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بوون، لە دوو ڕووداوی جیاجیادا یەکێکیان گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٨ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد لە نزیک گوندی\"یاریم قیە\" سەر بە شاری ماکۆ لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، لەلایەن هێزەکانی هەنگی سنووریی ئەو شارەوە تەقەی لێدەکرێت و گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوردە بە ناوی\"مەجید دادخا\" کوڕی محەممەد، ڕاگەیەنراوە.

هەواڵنێری کوردپا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە ڕایگەیاند: هێزە حکوومەتییەکان لە نزیک گوندی \"یاریم قیە\" بۆسە بۆ کۆڵبەران دادەنێن و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانەدا مەجید گیانی لەدەست دەدات.

\"\"
مەجید دادخا
هەواڵنێری کوردپا لە درێژەدا گوتی: هێزەکانی حکوومەت دەستیان بە سەر کەلوپەلی ئەو هاووڵاتییەدا گرتووە.

هەروەها، لە هەمان ڕۆژ و لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا، هێزە نیزامییەکانی سپای پاسدران لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان لە نزیک گوندی ئەزگڵەی سەلاسی باوەجانی، تەقەیان لە کاروانی کۆڵبەرانی کورد لەو ناوچەیە کردووە.

شوناسی ئەو هاووڵاتییەی خەڵکی سەلاسی باوەجانیی بە \"ئەیووب سەروەری\" خەڵکی گوندی \"هەرمێیان\" ڕاگەیاندووە.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەیووب سەروەری بە هۆی تەقی هێزەکانی سپا بە سەختی بریندار بووە.

داخرانی ڕێگاکان و قۆرغ کردنی داهاتەکان لە شوێنی تێپەڕگەی ناوچە سنوورییەکان بە بەشێکی بچووک لە کێشەی جیددی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد ئەژمار دکرێت.