تەقەی هێزە ئینتزامییەکان کوژرانی کۆڵبەرێکی بە دواوە بوو

12:30 - 10 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە سنوور پارێزەکان لە شاری بانە چەند کۆڵبەرێکی کوردیان دایە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا کۆڵبەرێکی کورد، تەمەن ٢٦ ساڵ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: کاتژمێر ٧ی شەوی ڕابردوو ٩ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری\"مێشێاو لە بە تەقەی هێزە سنووری پارێزەکانی کوژرا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە شوناسی ئەو کۆڵبەرە کوژراوەی بە \"هادی ئەمینی\" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی \"حەمە کاڵ\" خەڵکی گوندی \"بیاندەڕە\"ی شاری بانە ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: \"ئەو کۆڵبەرە کوردە لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە لە کاتی چوون بۆ سنوورە لە لایەن هێزە سنوورپارێزکانەوە تەقەی لێکراوە\".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو چەند کۆڵبەرە کوردە هیچ شتومەکیان پێ نەبووە و هێزە سنوورپارێزەکان بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو تەقەی لێکردوون.

هەر لەو پەیوەندییەدا، سەرچاوەکان لەگەڵ کوژرانی ئەو کۆڵبەرە کوردە باس لە برینداربوونی دوو کۆڵبەری دیکە دەکەن، کە هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە شوناسیان بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار، کۆمەڵێک کۆڵبەری کورد دەکەونە بۆسەی ‌هێزە نیزامییەکانی حكوومەتی ئێرانەوە و لە ئاکامی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"قادر ئازادە\" پشتی بە سەختی بریندار دەبێت و لە ئێستادا باری تەندروستی نالەبارە.