تەقەی هێزە ئینتزامییەكان قوربانیی بوونی كۆڵبەرێكی كوردی لێکەوتەوە

18:25 - 17 رەزبەر 2714
ئاژانسی كوردپا: لەناوچە سنوورییەكانی شاری مەریوان كۆڵبەرێكی كورد لەپێناو دابین كردنی بژیوی ژیانیدا بە گولـلەی هێزە ئینتزامیەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار بوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، بورهان ئاقایی كوڕی ئەفراسیاب و خەڵكی مەریوان لەشوێنێك بە ناوی \"سیازاخ\" لەلایەن هێزە چەكدارەكانی سەر بە پاسگای \"قامیشەڵە\" دراوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە.

بەوتەی شایەتحاڵان، ئەو كۆڵبەرە كوردە بە هۆی بێ‌دەرەتانی و تەنیا بۆ دابین كردنی بژیوی ژیانی رووی لە سنوورەكان كردبوو.

دەوترێت هێزە ئینتزامییەكان دەستیان بەسەر كەلوپەلی كۆڵبەرانیشدا گرتووە.

هەر لەو پێوەندییەدا ژمارەیەك كۆڵبەری دیكەش لە ناوچەی \"شلێر\"‌ی مەریوان دراونەتە بەر دەسڕێژی گولـلە.

بەپێی ئاماری تۆماركراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەماوەی نێوەی یەكەمی مانگی رەزبەردا ٧ كۆڵبەری كورد لەناوچە سنوورییەكانی كوردستان بەتەقەی هێزە نیزامییەكان بوونەتە قوربانی.

لەكۆی گشتیی ئەو رێژەیە ٢ كۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە و ٥‌ی دیكەش بریندار یوون.