تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامی قوربانی بوونی ٥ کۆڵبەری بەدواوە بوو

15:14 - 22 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: هێزە سنوور پارێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی پیرانشار تەقەیان لە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد کرد کە لەو ڕووداوە دا ٥ هاووڵاتیی بە توندی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیوارەی رۆژی سێ شەممە ٢١ی بەفرانبار، لە سنووری تەمەرچینی شاری پیرانشار، ٥ هاووڵاتیی کوڵبەری کورد بە تەقەی هێزەکانی حکوومەتی پێکران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری پیرانشار وێڕای پشتراست کردنەوەی ئەو هەواڵە شوناسی ئەو پێنج هاووڵاتییە کاسبکارە کوردەی بەم شێوە ڕاگەیاند: حاسڵ کوڕی تەها، ئیسماعیل کوڕی ئیبراهیم ئەفشار کە تەمەنی(خوار ١٨ ساڵەیە)، جەعفەر کوڕی ڕەحمان، بێهنام کوڕی شۆڕش محەممەد ڕەشە و مامە کوڕی حەمزە ئاتەشبەرگ.

\"\"ئەو سەرچاویە ئاشکرای کرد کە؛ هێزەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادار کردنەوە و بەبیانووی پاراستنی سنوورەکان تەقەیان لەو پێنج هاووڵاتییە کوردە کردووە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا گوتی: ئەو کۆڵبەرانە لە ناو خاکی کوردستانی عێراق لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە تەقەیان لێکراوە.

سەر‌چاوەی هەوالی کوردپا لە شاری پیرانشار ڕایگەیەند کە؛ ئەو ٥ کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی شاری پیرانشار کراون و هەنوکە لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دان.

هەر ساڵ زیاتر لە سەدان کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی هێزەکانی حکوومەتی لە سنوورەکانی کوردستان گیانیان لە دەست دەدەن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، مانگی ڕابردوو(سەرماوەز) زیاتر لە ١١ کۆڵبەری کورد بە تەقەی ‌راستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی پێکران و لەو ڕووداوانە دا سێ هاووڵاتی کورد گیانیان لە دەست داوە.