تەقەی هێزە نیزامییەکان گیانی کاسبکارێکی مەهابادی لە پیرانشار ئەستاند

14:05 - 17 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: کاسبکارێکی کورد، خەڵکی شاری مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری پیرانشار گیانی لە دەستدا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەر، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"سەلاح ئەسفەندوەند\" تەمەن ٢٨ ساڵ خەڵکی شاری مەهاباد بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیانی لە دەستدا.

\"\"بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە بێ‌ئاگادارکردنەوەی پێشوو ئەم کاسبکارە کوردەیان داوەتە بەر دەسڕێژی گوللە و ناوبراو بە هۆی سەختی پێکرانییەوە گیانی لە دەسداوە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: \"هێزە نیزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاغ تەقەیان لەو کاسبکارە کوردە کردووە\".

رۆژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەر، نیزامییە حکوومەتییەکان، گرووپێک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری شێخ سڵەیان دایە بەر دەسڕێژی گوللـە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"بروومەند بەهرامی\"، \"هووشیار نەمامی\" خەڵکی گوندی زیارەت تەمرخان، سەر بە شاری سەلاسی باوەجانی گیانیان لە دەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی \"ئەرکان بەهرامی\" بە توندی بریندار بوو.