تەقەی هێزە نیزامییەکان کۆڵبەرێکی کوردی ناوچەی چاڵدورانی کردە قوربانی

16:10 - 23 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی \"چالدوران\"ی سەربە شاری ورمێ لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"مام خانزاد\" لە ناوچەی سنووریی شارۆچکەی \"چاڵدوران\" لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا بەناوی \"ئیبراهیم پیردێهقانی\" بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندی بریندار بوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئیبراهیم پیردێهقانی تەمەن ٣٤ ساڵ، خێزاندا ر و باوکی چوار منداڵە و لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دراوەتە بەر دەسترێژی گولـلە و بەهۆی بەرکەوتی ٢ گولـلە بە توندی بریندار کراوە و ناوبراو هەنووکە لە نەخۆشخانەی شاری خۆی لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

دەگوترێت کە ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی گوندی مام خانزاد لە ناوچەی چاڵدوان، شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز لەلایەن هیزەکانی سەر سنوورەوە تەقەی لێکراوە.

لەلایەکی دیکەوە سەرلەبەیانیی هەمان رۆژ سێ کۆڵبەری دیکەی کوردی خەڵکی گوندی \"پیرانجخ\"ی سەربە بەخشی سۆمای ورمێ بەهۆی هەرەسی کلیلە بەفرەوە گیانیان لەدەست داوە کە هەتا ئیستا تەرمی ٢ کەسیان نەدۆزراوەتەوە.