تەقەی هێزە نیزامییەکان کوژرانی لاوێکی تەمەن ١٩ ساڵەی لێکەوتەوە

16:18 - 31 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سەڵماس، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شاری شنۆ گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سێ ڕۆژ پێش، لاوێکی کورد بە ناوی \"تەوحید حەقدار\" تەمەن ١٩ ساڵ، کوڕی بارزان، خەڵکی گوندی \"دۆستان\" سەر بە ناوچەی شپیرانی شاری سەڵماس بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شاری شنۆ گیانی لە دەست دا.

تەرمی ئەو لاوە کوردە لە پزیشکی یاسایی شاری نەغەدە ڕاگیراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.

ئەو لاوە کوردە بە هۆی دەستکورتی و هەژاری بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانی لە ڕیگای کاسبی کردنەوە ڕوو لە ناوچەی سنووری شاری شنۆ کردبوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"جاوید حەکاری\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی زوبەیر خەڵکی گوندی \"کەلەڕەش\" سەر بە ناوچەی شەپیرانی شاری سەڵماس بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری شاری شنۆ گیانی لە دەست دا.