تەقەی ‌هێزە نیزامییەکان لە کرماشان سێ کوژرا و برینداری لێ کەوتەوە

16:16 - 30 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکان لە شاری کرماشان، ماشینی کەسیی هاووڵاتییەکیان دایەبەر دەسڕێژ و لە ئاکامدا کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژ، سێ هاووڵاتیی کورد، لە شاری کرماشان، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، لاوێکی تەمەن ٢٣ ساڵ کوژرا و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.

شوناسی ئەو لاوە کوژراوە بە ناوی \"مەجید یەعقووبنیا\" تەمەن ٢٣ ساڵ و دوو کەسە بریندارەکەش بە ناوەکانی \"میلاد پەلەنگی و معیاد شاوەیسی\" ڕاگەیەندراوە.

\"\"مەجید یەعقووبنیا
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری تەقەی هێزە ئینتزامییەکان لە ماشینی ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە ڕانەگەیەندراوە.

دەوتری، بارودۆخی تەندروستیی یەکێک لە برینداربووەکان نالەبارە و لە نەخۆشخانەی ئەو شارە لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.

پێشتر محەممەدساڵح نیکبەخت، مافناس و پارێزەری کورد بە ئاژانسی کوردپا، سەبارەت بە تەقەکردن لە هاووڵاتییانی مەدەنیی کوردستان، ڕایگەیاندبوو: مەخابن هەنووکە مەئموورانی نیزامی و ئینتزامیی لە دادگاکان بە بیانوو و پاساوی ئەوەی کە؛ سەرەتا هۆشداری دەدەین، دواتر کەسی تاوانبار ئاگادار دەکەینەوە و تەنانەت تەقەی هەوایی دەکەین، خۆیان لەو ڕووداوەدا دەرباز دەکەن\".