تەقەی هێزە نیزامییەکان لە کاسبکارانی کورد کوژراو برینداری لێکەوتەوە

13:33 - 18 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: بە تەقەی ڕاستەخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، سێ کاسبکاری کورد، خەڵکی شارەکانی سەقز و سەردەشت بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی بەفرانبار، هێزە ئینتزامییەکان لە جاددەی \"زاویە هەمەدان\" ماشینی دوو کاسبکاری کوردی خەڵکی شاری سەقزیان دایە بەر دەستڕێژ و لە ئاکامدا، کوژرانی کاسبکارێک و بریندار بوونی شوفیری ماشینەکەی لێکەوتەوە.

\"\"
سیروان پەسەندی
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز شوناسی ئەو دوو کاسبکارەی بە ناوەکانی \"سیروان پەسەندی\" تەمەن ٣٤ ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو کچ و \" ڕزگار\" ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو ماشینی ئەو دوو کاسبکارە کوردەیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، سیروان گوللە بەر سەری کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لە دەستداوە و ڕزگاریش بە هۆی بەرکەوتنی چەند گوللەیەک بە سەختی پێکراوە و هەنوکە لە بێهۆشی درێژخایەندایە.

لە لایەکی دیکەوە، شەوی ڕابردوو، هێزە ئینتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای \"بێتووش\"، ژمارەیەک لە کاسبکارانی خەڵکی ئەو ناوچەیان، دایە بەر دەستڕێژ کە لە ئاکامدا کاسبکارێکی کورد بریندار بوو.

\"\"
مەجید محەممەدیان
هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە ناوی\"مەجید محەممەدیان\" ڕاگەیاندووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو کاسبکارە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت کراوە و هەنوکە لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.

پێشتر ساڵح نیکبەخت لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی کوردپا رایگەیاندبوو؛ ئەگەر کەسێک ماشینی پی بێت، دەبێ لە سەرەتادا تەقە لە تەگەری ماشینەکە بکرێت، کە ئەمە دەبێتە هۆی راوەستانی ماشینەکە و لە ئەنجامدا گرتنی شۆفیرەکە، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هیچکام لە ماددە یاساییەکان رەچاو ناکرێت و لە یەکەم حاڵەتدا تەقە لە شۆفیرەکان دەکەن.