تەقەی هێزە نیزامییەکان لە بانە کۆڵبەڕیکی کردە قوربانی

13:24 - 16 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: لەناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران کاروانی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد کەوتووەتە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک بە سەختی بریندار بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە خاڵی سنووری سەیرانبەندی شاری بانە هێزە نیزامییەکان کۆڵبەر و کاسبکارانی کوردییان داوەتە بەر دەستڕێژ و بەو هۆیەوە کۆڵبەرێک گوللە بەر لاقی کەوتووە و بریندار بووە.

ناوی ئەو کۆڵبەرە کوردە سەعدوون یارعەلی و تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شاری بانە راگەیەندراوە.

دەوترێت هێزە نیزامییەکان پاش ئەوەی تەقەیان لە کاسبکاران و کۆڵبەران کردووە، لە هەوڵی ئەوەشدا بوونە کە دەست بەسەرییان بکەن.

شایەتحاڵێک ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێزە نیزامییەکان کە پێدەچوو سەر بە هەنگی مەرزی بووبن، پاش راوەدوونانی کۆڵبەران دەستیان بەسەر بارەکانیاندا گرتووە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد کە ئەو بارانە زیاتر \"چای، تایە و کەلوپەلی ئارایشی\" لە خۆ گرتبوو.